بارزانی داوای کۆبوونەوەی لایەنەکان و کۆتایهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی دەکات
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەقی پەیامی مهسعوود بارزانی بەبۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە بەمشێوەیە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی موسڵمانانی كوردستان و عێراق و هەموو جیهان دەكەم. پیرۆزبایی تایبەتیش ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم. لەو بۆنە پیرۆزەدا لە خودای گەورە داواكارم خێر و خۆشی و ئاسوودەیی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان و جیهان بەدی بهێننێت.
هەروەها لەو ساتە هەستیار و چارەنووسسازەدا پەیامم بۆ لایەن و هێزە سیاسییەكانی كوردستان ئەوەیە كە هەموو لایەک بیر لە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان لەسەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسك دابنێن و واز لەو ململانێیە بێ ئەنجامەو، ئەو خۆخۆرییە بێنن كە ماوەیەكە پڕۆسەی سیاسیی هەرێم بەدەستیەوە دەناڵێنێت. داوا دەكەم لەدوای جەژنی پیرۆزی قوربان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بە دڵسۆزی و هەستی نیشتیمانپەروەرانەوە بەیەكەوە كۆ ببننەوە و ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بكەن و كۆتایی بەم دۆخە نالەبارە سیاسییە بهێنن. ئەمە ئەركێكی ویژدانی و نەتەوەیی و نیشتیمانییەو پێویستە هەموو لایەک بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن و بگەڕێنەوە سەر ڕێگەی ڕاست.
هیوادارم ئەم جەژنە دەستپێكێك بێت بۆ باشتربوونی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و تێپەڕبوونی گرفتە سیاسییەكان و هەروەها بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەكەمان و سەرانسەری جیهان.
جەژنتان پیرۆز بێت و هەمیشە لە خۆشی و سەلامەتیدا بن.
بۆچوونی بەکارهێنەران