ئەو کەشتییانەی سەر بە دووژمن نین دەتوانن بە ناو تەنگەی هورمزدا تێپەڕن
پوختەی هەواڵ
کوردپرێس: بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، کە ئاراستەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کەشتیوانی (IMO) کراوە ئەو کەشتییانەی کە "دووژمنکار" نین، دەتوانن لە "تێپەڕبوونی سەلامەت" لە تەنگەی هورمز سوودمەند بن، بەو مەرجەی: "بە هیچ شێوەیەک بەشداری نەکەن لە کارە دەستدرێژیکارییەکان دژی ئێران و پشتگیرییان نەکەن. بە تەواوەتی پابەندی رێسا راگەیێندراوەکانی ئاسایش و سەلامەتی بن. هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ دەسەڵاتە باڵاکانی ئێران بکەن".
ئێران جەختی کردووەتەوە، کەشتی و کەرەستە و هەر جۆرە سەرمایەکی سەر بە "لایەنە دەستدرێژیکارەکان،" بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هەر وڵاتێکی دیکە کە بەشداریی هێرشەکانی کردووە، مافی تێپەڕبوونیان بە ناو تەنگەکەدا نییە.
تاران لەم راگەیێندراوە، کە رۆژی سێشەممە ۲۴-۰۳-۲۰۲۶ لە لایەن (IMO)ـەوە بۆ وڵاتانی ئەندام بڵاوکرایەوە، ئەمریکا و ئیسرائیلی بە بەرپرسیاری هەر جۆرە "نا ئارامی، نا سەقامگیری و زیادبوونی مەترسییەکان" لەم رێڕۆ ئاوییە گرنگەدا زانی. ئێران هەردوو وڵاتی تۆمەتبار کرد بە هەڵگیرساندنی "جەنگێکی نایاسایی و تێکدەرانە" کە ئاسایشی کەشتیوانیی نێودەوڵەتیی خستووەتە مەترسییەکی بێوێنەوە.
تەنگەی هورمز کە شا دەماری وزەی جیهانە و ۲۰٪ـی نەوت و گازی پێدا تێدەپەڕێت، لە دەستپێکردنی جەنگ لە ۲۸ـی شوباتەوە، لە لایەن ئێرانەوە داخراوە. ئەم داخستنە بووەتە هۆی بازدانی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا.
بۆچوونی بەکارهێنەران