له سێ مانگدا تورکیا ۴۰۴ جار هەرێمی کوردستانی بۆردومانی كردووە
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتی کۆمەڵگە (CPT)ـی ئەمریکی، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، "سوپای تورکیا لە مانگی ئاداردا، ۱۱۸ هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە".
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانیی رێکخراوەکە دەڵێت: "هێرشەکانی سوپای تورکیا لە مانگی ئاداردا، بەراورد بە مانگی کانوونی دووەم، ۱۲% و بەراورد بە مانگی شووبات، ۲۱% کەمیان کردووە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لە هەفتەی یەکەمی دوای ڕاگەیاندنی بانگەوازی ئاشتی، لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری دەستگیرکراوی پەکەکە، رێژەی بۆردوومانەکان بەراورد بە دوایین هەفتەی پێش ڕاگەیاندنی بانگەوازەکە، ۱۴۵% زیادی کردووە".
بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوەکە، لە مانگی ئاداردا، سوپای تورکیا ۵۵ هێرشی بۆ سەر سنووری پارێزگای هەولێر و ۵۱ هێرشی بۆ سەر سنووری پارێزگای دهۆک و ۱۲ هێرشیشی بۆ سەر سنووری پارێزگای سلێمانی کردووە.
کامەران عوسمان دەشڵێت، لە مانگی ئاداردا سوپای تورکیا هیچ بۆردوومانێکی سنووری مەخموور و شنگالی نەکردووە.
ڕێکخراوی سی پی تیی ئەمریکی لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سێ مانگی ئەم ساڵدا تورکیا ۴۰۴ هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کردووە و بەهۆیانەوە دوو هاونیشتمانی سڤیل شەهیدبوون و چواری دیکەش بریندار بوون.
بۆچوونی بەکارهێنەران