ئەمریکا جەخت لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێم لە زووترین کات دەکاتەوە
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تامی برووس لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کردنەوەی کونسوڵخانەی نوێی ئەمریکا لە هەولێر، کە گەورەترین کونسوڵخانەیە لە ئاستی ناوچەکە، دەرخەری پابەندییەکانی ئەمریکایە بەرامبەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
ناوبراو گوتیشی: کونسوڵخانەی نوێمان لە ھەولێر ھاوبەشی و ھەماھەنگی دیپلۆماتیمان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بەھێزتر دەکات، لە چوارچێوەی کارە لە پێشینەکان و ئاڵنگارییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندڕەویی و بەھێزکردنی ئاشتی دوور مەودا.
تامی برووس لەبارەی یەکگرتن و یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، گوتی: پێشنیاز دەکەم ئەم پرسیارە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، چوونکە بابەتێکی ناوخۆییە.
لە بارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئێمە ھانی ھەموو لایەنەکانمان داوە بۆ ئەوەی هەرچی زووە حکوومەتی داھاتوو پێکبھێنن.
تامی برووس هەروەها جەختی کردەوە، ھەبوونی حکوومەتێکی بەھێز و خۆڕاگر و دیموکرات، وەک زۆرجار باسمان لێوەکردووە، پێویستە بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق، بۆیە ھانیان دەدەین پەلە بکەن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
ناوبراو وتیشی پێکهێنانی حکوومەتێکی خۆڕاگر لە هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی ئاسایشی ناوچەکەیە و خوازیارین هەنگاوەکانی ڕاگهیاندنی حكوومهتی نوێی هەرێم ههنگاوێكی ئهرێنی بن.
وتەبێژی وهزارهتی دهرهوهی ئهمریكا هەروەها گوتی: هانی هەموو لایەنەکان دەدەین بۆ ئەوەی هەرچی زووە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت.
بۆچوونی بەکارهێنەران