شوێنی بانەری ڕیکلام (728x90)
خبر نووسەر: کوردپرێس 2025-01-01 08:20 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک بینین: 0 (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

مەسعوود بارزانی داوا دەکات هەرچی زووە کابینەی دەیەم پێکبهێنرێت

پوختەی هەواڵ
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زاینییەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە و لەو پەیامەدا داوا دەکات هەرچی زووە کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەقی پەیامەکەی مەسعوود بارزانی بەمشێوەیە:

بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینییەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم و هیوای خێر و خۆشی بۆ هەموو لایێک دەخوازم.

جێگەی خۆشحاڵییەکی زۆرە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئۆکتۆبەری ڕابردوو بە سەرکەوتوویی ئەنجام درا و لەم هەڵبژاردنەدا گەلی کوردستان پەیام و ویستی خۆی بەڕوونی گەیاند. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش دەبێ وەڵامی دەنگ و داواکاریی خەڵکی کوردستان بدرێتەوە، ئەویش لەڕێگەی پێکهێنانی هەرچی زووتری کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی حکوومەتی هەرێم پلان و بەرنامەکانی بۆ خزمەت کردنی خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکات.

جەختیش لەوە دەکەینەوە پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێککەوتنەکان و لە ڕێگەی دیالۆگ و هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کێشەکانی نێوان هەردوولا چارەسەر بکرێن و چیتر کۆسپ و تەگەرە بۆ مافەکانی خەڵکی کوردستان دروست نەکرێن.

لە کاتێکدا بەرەو دەستپێکی ساڵی تازە دەڕۆین کە ناوچەکەمان بە بارودۆخی هەستیاردا تێدەپەڕێت. ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی سووریا لەگەڵ ئەوەی کاریگەریی لەسەر بارودۆخی ناوچەکەمان و هاوکێشەکان دادەنێت لە هەمانکاتیشدا دەرفەتێکی تازەیە بۆ گەلانی سووریا کە لە ڕێگەی دیالۆگ و لە یەکتێگەیشتندا بنەمایەکی پتەو بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیریی بنیات بنێن. ناوچەکەمان چیتر بەرگەی کێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری ناگرێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەک پشت بە زمانی دیالۆگ و لە یەکتر تێگەیشتن ببەستن و لە نکۆلیکاری و دەمارگیریی نەتەوەیی و ئایینی دوور بکەونەوە. دەبێ هەموو لایێک بزانن خۆسەپاندن ئەنجامی نابێت.

هیوادارین لە ساڵی تازەدا ئاشتی و پێکەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەکەماندا بکێشێت. لە خودای گەورە داواکارم گەلەکەمان لە هەموو جۆرە نەخۆشی و نەهامەتی و کارەسات بەدوور بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.
یاریدەدەری زیرەکی هەواڵ
هەواڵە تازە و گرنگەکان خێرا پێداچوونەوە بکە