لەمیانی ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاودا لە دیاربەکر، دوو ئەندامی باڵای PKK کوژران+ فیلم
پوختەی هەواڵ
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، لە شارۆچکەی لیجە سەر بە پارێزگای دیاربەکر دوو چەکداری پەکەکە کوژران.
بەپێی ئەو هەواڵەی کە یەرلیکایا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوی کردووەتەوە، هێزەکانی جەندەرمە و دەزگای دژە تیرۆری تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان بە ناوی "گورز-١٤"ى لە پارێزگاکە بەڕێوەبرد.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاشکراشی کردووە لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا کە کەڵک لە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان و هێلێکۆپتەرەکانی هێرشبەر وەرگیراوە، دوو ئەندامی باڵای پەکەکە کە یەکێکیان لە لیستی سووری داواکارانی تیرۆردا بوو بە ناوی "زێراو تاش" ناسراو بە "هابوون پیرۆ ئامەد" و هەروەها فەهمی باشکورت ناسراو بە "بۆتان" کە لە لیستی خۆڵەمێشی دابوو، کوژران.
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە "هەتا لە چالاکی خستنی دوایین تیرۆریست لەسەر بەرەنگاربوونەوەیان بەردەوام دەبن".

بۆچوونی بەکارهێنەران