بوونی پەکەکە بۆتە کێشە بۆ عێراق/ پێویستە سوپای توركیا لە قۆناغێكی دیاریكراودا لە خاكی عێراق بكشێتەوە
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا له بهغدا ڕایگەیاند، گفتوگۆكان سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە خاكی عێراق بەردەوامن و گرژییەکانی ناوچەکەش دیاری کردنی کاتی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانی دواخست.
ئاماژەی بەوەش كرد، عێراق توانیویەتی ئەمریكا ڕازی بكات بەوەی وڵامی هێرشەكەی سەر بنكەی عەین ئەسەد نەداتەوە و لە ماوەی ساڵێكدا بارودۆخی ناوچەكە گۆڕاوە.
فوئاد حسێن باسی لەوەش كرد، عێراق وڵاتی ئێرانی ئاگاداركردوەتەوە كە هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان كارێكی هەڵەیە و لە ڕابردوودا ئەو وڵاتە لەسەر بنەمای زانیاری هەڵە هێرشی كردوەتە سەر كوردستان.
ئەوەشیخستەڕوو، عێراق لە پەیوەندایە لەگەڵ وڵاتانی دیكە بەمەبەستی ئارامكردنەوەی بارودۆخی كەرتی غەززە و تا ئێستا هەوڵەكان نەگەیشتونەتە ئەنجام بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، ناوچەكەش لە ژێر مەترسی و هەڕەشەدایە.
سەبارەت بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پهكهكه) فوئاد حسێن وتی، "ناتوانرێت هێز بەكاربهێندرێت بۆ مامەڵهكردن لەگەڵ ئەو پارتە و پێویستە سوپای توركیا لە قۆناغێكی دیاریكراودا لە خاكی عێراق بكشێتەوە، بوونی پەكەكە كێشەیە بۆ عێراق".
ڕوونیكردەوە، "ئێمە لە ناوخۆ و دەرەوەدا هەنگاو دەنێین بۆ ئەوەی عێراق نەخەینە بارودۆخێكی شەرمەزاركەرەوە و ڕاكێشانی عێراق بۆناو شەڕ مەترسیدارە و نابێت كۆمەڵگە و حكوومەتی عێراق بكەونە دۆخی كار و كاردانەوە".
وهزیری دهرهوهی عێراق ئەوەشی باسكرد، حكومەت و پەڕلەمانی عێراق مافی خۆیانە بڕیار لەسەر شەڕ و ئاشتی بدەن، هەروەها نەگەیشتونەتە بڕیاری كۆتایی سەبارەت بە وادەی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان.
بۆچوونی بەکارهێنەران