بەرپرسێکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دوای تەقە لێکردن بریندار کرا
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیبراهیم حەسەن لەمبارەوە بە ڕووداوی ڕاگەیاند، "دوای ئەوەی لە سەردانیکردنی بارەگای مەڵبەندەکەمان دەگەڕامەوە، نزیکی کاژێر 12:30ی بەرەبەیانی 6ی نیسان لە نزیک ناحیەی دارەتووی هەولێر دوو کەس بە ماتۆڕسکیلێک تەقەیان لێکردم و برینداریان کردم و چەندین گوللەشیان لە ئۆتۆمبێلەکەم دا.
ئیبراهیم حەسەن وتیشی: "گولەیەک بەردەستم کەوتووە، بەڵام برینەکەم سەخت نییە و چوومەتە نەخۆشخانە و چارەسەرم وەرگرتووە و تەندروستیم باشە، ئێستاش گەڕاومەتەوە ماڵەکەی خۆم".
لەبارەی تەقەکەرەکان ئەو بەرپرسەی سۆسیالیست گوتی، تەنیا ئەوەندەم بینیوە کە دوو کەس بوون و ماتۆڕیان پێبوو و تەقەیان کرد و زوو دوورکەوتنەوە و ئێستاش هێزە ئەمنییەکان دوای وەرگرتنی ئیفادەی من و زانیاری لەسەر رووداوەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
هەروەها، دکتۆر فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت، "پێویستە هێزە ئەمنییەکانی هەولێر و ئاسایشی هەولێر بەزووی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن و ئەو دەستە ناحەزە بدۆزنەوە کە ویستوویانە زیان بە بەرپرسەکەمان بگەیێنن و بیکوژن".
فەرهاد تۆفیق گوتیشی، "ئێمە نازانین ئەو دەستە کێبووە کە ئەو کارەی کردووە و چاوەڕێی لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانین، بەڵام هەر کەسێک بێت ویستوویەتی لەم کاتەدا ناکۆکییەکان زیاتر بکات و پێگە و ناوی پارتەکەمان ناشرین بکات، هەر بۆیە داوا دەکەین بەزووی بدۆزرێتەوە و بە سزای خۆی بگەیێندرێت".
بۆچوونی بەکارهێنەران