ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق بەردەوام دەبن
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ماڵپەری فەرمی پارتی وتی "کەمکردنەوەی بەشە بودجەی پێشمەرگە لە لایەن ئەمریکاوە، ھیچ پەیوەندییەکی بە چاکسازییەوە نییە".
زێباری وتیشی: "پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و بەپێی بەرنامەی دیاریکراو بە بێ دواکەوتن پرۆسەکە بەڕێوە دەچێت، پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی خشتەی دیاریکراو بەڕێوە دەچێت و ھێزەکان یەک دەخرێن و فیرقەیەک لە تەواوبووندایە و ئەوەی دیکەش کاری تێدا دەکرێت".
بەوتەی زێباری "بەرنامەیەکی باش دانراوە و کاری باشی بۆ دەکرێت، کە قۆناغی یەکەم دوو فیرقە تەواو دەبن و دواتریش فیرقەی دیکە دروست دەکرێن و وەزارەتی پێشمەرگە دەبێتە خاوەن کۆمەڵێک فیرقە".
لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بابەکر زێباری وتی "ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق بەردەوام دەبن و خۆشیان باسیان لەوە کرد کە لە عێراق دەمێننەوە و بەردەوام دەبن".
وتیشی "پێویستە ئەو ھێزانە لە عێراق بمێننەوە ، چونکە جارێ عێراق پێویستی بە ھێزی ھاوپەیمانان ھەیە".
بۆچوونی بەکارهێنەران