کەجەکە هێرشەکەی ڕەژیمی زایۆنی بۆسەر غەززە بە کۆمەڵکوژی و ژینۆساید ناو دەبات
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە هێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە کەرتی غەزە لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە کە لە ئەنجامدا بەهۆیەوە زیاتر لە ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا، شەرمەزار کرد و بەیاننامەیەکی لەوبارەوە بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیێندراوەکە:
دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر نەخۆشخانەیەک و بەهۆیەوە بەداخەوە سەدان کەس گیانیان لەدەستدا، ئەو هێرشەی کە دەوڵەتی ئیسرائیل ئەنجامی داوە، هێرشێکی کۆمەڵکوژکارانە و جینۆسایدە، ئێمە ئەو هێرشە بە توندی شەرمەزار دەکەین، ئەو ڕووداوەی بەسەر گەلی فەلەستیندا هاتووە، بۆ ئێمەش ئازاربەخشە و مایەی خەم و پەژارەمانە و هەست بە ئازارەکانی گەلی فەلەستین دەکەین، بە تایبەتی خەڵکی غەززە، هەروەها سەرەخۆشی لە تەواوی گەلی فەڵەستین دەکەین.
جارێکی تر پشتیوانیی خۆمان بۆ گەلی فەلەستین و دۆزی ڕەوای ئەوان دووبارە دەکەینەوە، تێکۆشانی گەلان لە دژی ستەم بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێت و لێپرسینەوە لە سەرجەم کۆمەڵکوژییەکان دەکەین.
بۆچوونی بەکارهێنەران