هەڵویستی ئەمریکا لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆسەر کوردستانی سووریا
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریا بەبێ ئەوەی کە ناوێک لە تورکیا ببات رایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیگەرانە لە چالاکییە سەربازییەکانی باکووری سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکی سڤیل و ژێرخانەکەی؛ هەروەها کاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی لەنێوبردنی یەکجاریی داعش".
ماتیو میلەر ئاماژەی بەوە کرد، هەڵوێستی ئەوان لەبارەی پێشهاتەکانی تایبەت بە سنووری نێوان تورکیا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نەگۆڕدراوە و "بەردەوامین لەوەی پشتگیری لەو هێڵی ئاگربەستە بکەین کە هەیە و داوای راگرتنی تووندوتیژییەکانیش دەکەین.گرنگە هەموو لایەنەکان رێز لە ئاگربەستەکە بگرن و بەردەوامیش بێت".
مەبەستی ماتیو میلەر لەو هێڵی ئاگربەستەیە تشرینی یەکەمی ۲۰۱۹ و دوای هێرشی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی لە کوردستانی سووریا بە نێوەندگیریی ئەمریکا دیاریکرا.
لەو بارەوە ماتیو میلەر وتیشی: "گرنگە کۆتایی بە تووندوتیژییەکان بهێنرێت تاوەکوو سەقامگیریی لەنێو سووریا بەرقەرار بێت و کار بکرێت بۆ بەدیهێنانی چارەسەرێکی سیاسیی بۆ ئەو ناکۆکییە".
بۆچوونی بەکارهێنەران