هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور هەمیشە ئامادەی چارەسەریی کێشەکان لەگەڵ بەغدایە
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە دیدارێكدا دەربارەی بەرنامەی سەردانی چاوەڕوانكراوی ئیمانوئێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا بۆ عێراق، پەیوەندییەكانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بیروڕایان گۆڕییەوە.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پەیوەندییەكانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە و ئاماژەیان بە ڕۆڵ و بەشداریی كارای فەرەنسا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشدا كرد، هەروەها لەسەر بایەخ و پێویستیی پشتگیریی فەرەنسا لە عێراق لەم قۆناغەدا، هاوڕا بوون.
دەربارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش، هەردوولا داكۆكییان لە گرنگیی تەبایی و یەكڕیزیی لایەنە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان و یەكدەنگی و یەكهەڵوێستییان لە بەغدا كردەوە، هەروەها باسیان لە پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆی چارەسەركردنی كێشەكانیان كرد.
نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵی ماكرۆن و پشتگیریی فەرەنسا لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەربڕی، دەربارەی كێشەكانیش لەگەڵ بەغدا دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور و سیستمی فیدراڵی، هەمیشە ئامادەی چارەسەرییە.
دۆخی ئاوارە و پەنابەران و پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە، دوایین پێشهاتەكانی شەڕی دژی داعش لە عێراق و سووریا، دۆخی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
بۆچوونی بەکارهێنەران