شوێنی بانەری ڕیکلام (728x90)
خبر نووسەر: کوردپرێس 2023-08-05 07:39 کاتی خوێندنەوە: 1 خولەک بینین: 0 (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

چوارەم خەلیفەی داعش لە دەڤەری ئیدلب کوژرا

پوختەی هەواڵ
بەشی سووریا- رێکخراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) لە تۆمارێکی دەنگیدا کوژرانی خەلیفە چوارەمی خۆی لە ئیدلیب رادەگەیێنێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گوتەبێژی داعش لە تۆمارێکی دەنگیدا کە مێژووی تۆمارکردنەکەی دیار نییە، ئاماژە بەوە دەکات، خەلیفەکەیان ئەبو حوسێن ئەلحوسەینی قورەشی لە شەڕێکدا لە ئیدلب کوژراوە. ئەمە هەمان ئەو خەلیفەیە کە تورکیا مانگی ئایاری ئەمساڵ رایانگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە جندرێسی عەفرین کوشتوویانە.

ئەبو حوزەیفەی ئەنساری، گوتەبێژی نوێی داعش لە تۆمارە دەنگییەکەدا ئاماژە بەوە دەکات، کەسێک بە ناوی ئەبو حەفسی هاشمیی قورەشی وەک خەلیفەی نوێی رێکخراوە بەدناوەکە دەستنیشانکراوە.

بە گوێرەی گوتەبێژەکە، ئەبو حوسێن ئەلحوسەینی قورەشی لە شەڕێکی دژی دەستەی تەحریری شام لە یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری ئیدلب کوژراوە، بێ ئەوەی کاتەکەی ئاشکرا بکات.

ئەنساری باس لەوە دەکات، ئامانجی دەستەی تەحریری شام، بەدیلگرتنی ئەبو حوسێن ئەلحوسەینی قوەرشی بووە، بەڵام ئەو رەتیکردووەتەوە خۆی بەدەستەوە بدات و رووبەڕوویان بووەتەوە و کوژراوە.

ئەبو حوسێن ئەلحوسەینیی قورەشی، چوارەم خەلیفەی داعش بوو و لە چارەکی کۆتایی ساڵی ۲۰۲۲، دوای کوژرانی ئەبو حەسەن ئەلهاشمی ئەلقورەشی خەلافەتی گرووپەکەی گرتەدەست. لە ماوەی خەلافەتەکەیدا، هیچ گوتار و پەیامێکی بڵاو نەکردەوە و کەمی لە بارەوە دەزانرا.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.
یاریدەدەری زیرەکی هەواڵ
هەواڵە تازە و گرنگەکان خێرا پێداچوونەوە بکە