هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بە هاوکاریی هێزەکانی هەسەدە لە دێرەزوور چەند کەسیان دەستگیر کرد
پوختەی هەواڵ
بەشی سووریا- هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە ناوچەیەکی پارێزگای دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سووریا دابەزین و لەوێ بەهاوکاری شەڕڤانانی هەسەدە ژمارەیەک کەسیان دەستگیر کردووە.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماڵپەڕی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) بڵاویکردەوە، ئۆپەراسیۆنی نیشتنەوەی سوپای ئەمریکا بە بەشداریی هێزەکانی هەسەدە کە لەلایەن واشنتنەوە پاڵپشتی دەکرێت ئەنجامدراوە، نیشتنەوەکە لە شارۆچکەی عەگیدات لە گوندەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور ئەنجامدراوە.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوە ناوحۆییەکانەوە بڵاویکردەوە، فڕۆکە ئەمریکییەکان ئۆپەراسیۆنی نیشتنەوەیان بە بەشداریی شەڕڤانانی هەسەدە ئەنجامداوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، سەربازە ئەمریکییەکان و شەڕڤانانی هەسەدە شارۆچکەکەیان گەمارۆداوە و هەڵیانکۆتاوەتە سەر چەند شوێنێک و ژمارەیەک کەسیان دەستگیرکردووە.
بەگوێرەی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەرەتای ساڵی ۲۰۲۲دا هێزەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی نیشتنەوەیان لەو شارۆچکەیە ئەنجامداوە، لەو ماوەیەدا سەرکردەیەکی ڕێکخراوی داعش کوژرا.
بۆچوونی بەکارهێنەران