سزاكانی ئەمریکا، توركیا لە كڕینی ئێس 400 پاشگەز ناکاتەوە
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزیری دەرەوەی توركیا، مەولوود چاویش ئۆغلۆ رایگەیاند، سەپاندنی سزاكان بەسەر ئەنقەرەدا لە لایەن واشنتنەوە، بڕیارێكی ھەڵەیە لە رووی سیاسی و یاساییەوە و دەستدرێژی كردنە بۆ سەر سەروەریی توركیا و ھەرگیز چارەسەری كێشەكان بەڕێگای سەپاندنی سزاكان ناكرێت.
وەزیری دەرەوەی توركیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی24ی توركی هەروەها گوتی: وێڕای سەپاندنی سزاكان، وڵاتەكەی لە بەدەستھێنانی سیستەمی مووشەكی "ئێس 400"ی رووسیایی پاشگەز نابێتەوە و دوای ھەڵسەنگاندی سزا سەپێنراوەكانی ئەمەریكا ھەنگاوی ھاوشێوە دەگرێتەبەر.
ئاماژەشی كرد، دەكرێت پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمەریكا بگەڕێتەوە سرووشتی خۆی، ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكان خواستەكانی توركیا سەبارەت بە سیاسەتی سووریا جێبەجێ بكات.
دووشەممەی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا سزاكانی بەسەر توركیادا سەپاند و ئەو سزایانە بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازییە بەرگرییەكانی توركیا و سەرۆكەی گرتەوە ئەوەش بەھۆی كڕینی سیستەمی بەرگریی مووشەكیی ئاسمانیی "ئێس 400" رووسیایی لە لایەن توركیاوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران