سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی دیداری کرد
پوختەی هەواڵ
کوردپرێس:
ڕۆژی یەكشەممە ٢٠٢٠/٨/٩ سەرۆك كۆماری عێراق بەرهەم ساڵح، لە كۆشكی بەغداد پێشوازیی كرد لە عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی وڵاتەکەی.
لە دیدارێكدا سەرۆك كۆمار جەختی كردەوە لە گرنگی پارێزگاریكردن لە ئاسایشی ناوخۆی وڵات و دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی تەواوی هاووڵاتیان و رێزگرتن لە بنەماكانی مافی مرۆڤ.
ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆك كۆمار رایگەیاند ئەو قۆناغەی ئێستا پیایدا تێپەڕ دەبین پێویستی بە پەرەپێدانی پێكهاتەی ئاسایش و چالاككردنی كاری هەواڵگری هەیە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە وڵاتدا، ھاوکات ئاماژەشیكرد بۆ پێویستی پارێزگاریكردن لە سەركەوتنەکان کە بەدەست هاتوون دژ بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش و بەگژاچوونەوەی تاوان لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ تەواوی ھاووڵاتیان.
لەلای خۆیەوە وەزیری ناوخۆ پەرەپێدانی كاری وەزارەتەكەی و ئامادەكردنی هێزەكانی بۆ پارێزگاریكردن لە ئاسایشی هاووڵاتیان خستەروو، ھەروەھا رۆڵی گرنگی پێدانی سەرۆك كۆماری بەرزنرخاند لە كاری وەزارەتەكەی و پاڵپشتی بەردەوامی بۆ پەرەپێدانی لە تەواوی كەرەتەكاندا.
بۆچوونی بەکارهێنەران