موقتەدا سەدر: ئامادەین لەبارەی چەکە لەدەستدەرچووەکانی دەرەوەی یاسا هاوکاریی حکوومەتی عێراق بکەین
پوختەی هەواڵ
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر لە عێراق رایگەیاند، ئامادەن هاوکاری حکوومەتی ناوەندی بکەن لەبارەی چەکە لەدەستدەرچووەکانی دەرەوەی یاسا.
کوردپرێس:
سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوی کردەوە، پێویستە حکوومەتی عێراق بە جیددی کاربکات دژی ئەو گرووپە چەکدارانەی ئاسایشی عێراق و هاوڵاتییەکانی بەئامانج دەگرن، جا سەر بە هەر لایەنێک بن.
سەدر نووسیویەتی، "زانیاریم لایە لەبارەی ئەوەی ئەوانە بەکرێگیراون بۆ ئاژاوەنانەوە و دروستکردنی ناسەقامگیریی ئەمنی و لاوازکردنی هەژموونیی دەوڵەت و حکوومەت و زڕاندنی پێگەی هێزی بەرگری".
باسی لەوەش کردووە، ئەم لەدەستدەرچوون و لە یاسا دەرچوونەی چەک نابێت بەردەوام بێت، بەڵکوو دەبێت حکوومەت پەلە بکات لە چارەسەرکردنی و "ئێمەش هاوکار دەبین".
لە عێراقدا چەندین گرووپی جیای چەکدار هەن کە بەشێکیان ئاشکران و بەشێکی دیکەشیان نهێنین. خودی رەوتی سەدریش خاوەنی هێزی چەکداری وەکوو سەرایا سەلامە و ماوەیێک لەمەوبەر مانۆڕێکیان بەناو شاری بەغدادا کرد.
زیاتر بخوێنەوە
هەواڵی پێشوو و داهاتوو
بۆچوونی بەکارهێنەران