ئەمەریکا و ڕووسیا بەرپرسن لە بڕینی ئاوی حەسەکە
پوختەی هەواڵ
«حوسێن مەستۆ» ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردی سووریا (الپارتی) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە بڕینی ئاوی ناوچەی حەسەکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن تورکیاوە و ڕایگەیاند: ئەمە جاری یەکەم نییە کە تورکیا وەها هەڵمەتێک دەدات و ئاو بەڕووی یەک ملیۆن مرۆڤدا دەبڕێت. ئەمەش شەرمەزاری و ڕیسوا بوونێکی گەورەیە بۆ تورکیا و ئەو زلهێزانەی کە ئەمڕۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریان.
ناوبراو زیاتر دەڵێت: هەروەها هاوپەیمانان بەرپرسن لەم ڕیسواییەدا و بەتایبەت ئەمەریکا و ڕووسیا کە خۆیان بە خاوەنی سووریا دەزانن.
حوسێن مەستۆ زیادی کرد: ئێمە دەنگی خۆمان بە هەموو جیهان دەگەیێنین و دەڵێین ئەو دەوڵەتانەی کە ئەمڕۆ لە خاکی سووریان ڕێگاچارەیێک لەبەرامبەر سیاسەتی دژە ئینسانیی تورکیا بدۆزنەوە. تورکیا هاوبەشی ستراتێژیی ئەوانە و ئەم سیاسەتە نادروست و نامرۆڤانەیە و پێویستە گوشاری بخرێتە سەر.
ناوبراو وەبیریشی هێنایەوە ئامانجی تورکیا لەم چەشنە هەوڵە سیاسی و ئابوورییە و ئەمریکایش و ڕووسیاش بەرپرسن لەم سیاسەتە ناپاکەی تورکیا.
حوسێن مەستۆ ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردی سووریا ئاماژەی بە پێگەی تورکیا لە هاوپەیمانیی ناتۆ دا و وتی: تورکیا بەشێکە لە ناتۆ کە پێبەندی ئەو یاسایانەیە مافیان دیاری کردووە و دژی ئەوەن خەڵکی مەدەنی بکرێنە ئامانج، بۆیە دەبێت ئەم پرسیارە بکرێت بۆچی تورکیا درێژەی بەم ڕەفتارە دەدات؟
ئەندامەکەی الپارتی جەختی کردەوە: تورکیا و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە ئەرتەشی ئازادیش لەنێویاندایە دەیانهەوێت زەبر لە کورد بدەن بۆیە بە بڕینی ئاو دەیانهەوێت گوشاری زیاتر بخەنە سەر خەڵکی حەسەکە.
ناوبراو وتیشی: ئێمە وەکوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردی سووریا لە هەموو ئەو گرووپانەی لەم سیاسەتە دەوریان بینیوە بە تایبەت لە ئەمەریکا و ڕووسیا داوا دەکەین دەست لەم سیاسەتە هەڵبگرن و یاری بە گیانی یەک ملیۆن مرۆڤ لە حەسەکە نەکەن چوونکە لە حەسەکە جگە لە کورد عەرەب و ئەرمەنی و تورکمان-یش دەژین.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران