گۆڕینی دیموگرافیای هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی حیزبە ئیسلامییەکان نابێت
پوختەی هەواڵ
کوردپرێس:
دوکتور بێن پریست یەک لەو توێژەرە خاوەن ناوانەی کاروباری کورد و ئیسلامی سیاسییە کە لێکۆڵینەوەی زۆری لەو بابەتە کردووە. ناوبراو کوردیی سۆرانی بە تەواوی دەزانێت لە زانکۆی ئیندیانای ئەمریکا خولی فێرکاریی زمانی کوردی بەڕێوە دەبات. زۆر حەزی لە وانەوتنەوە بە زمانی کوردییە و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنایش نەیتوانیوە ڕێگری لە بەڕێوەبردنی کورسیی زمانە کوردییەکەی لە زانکۆ ئیندیانا بکات. بۆیە لە خولی هاوینەی ئەمساڵدا کورسیی زمانەکەی بە شێوەی ئۆنلاین تەشکیل کردووە.
دوکتور بێن پریست زۆر هۆگری دوو بابەتە. یەکەم ناسیۆنالیزمی کوردی و دووهەم ئیسلامی سیاسی. بۆیە ئێستاش لە سەر ئەو دوو بابەتە تەرکیزی کردووە و ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسیش چەند پرسیارێکی لەو بارەیەوە ئاراستەی ئەو توێژەرە کردووە.
مامۆستای زانکۆی ئیندیانای ئەمریکا بڕوای وایە کە حیزبە کوردییە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان توانای ئەوەیان نیە بگەنە لووتکەی دەسەڵات لەبەر ئەوەی توانای پێکهێنانی زۆرینەی سیاسییان نیە و گۆڕینی دیموگرافیای هەرێمیش لە بەرژەوەندیی حیزبە ئیسلامییەکان نابێت بەڵام بەوەشەوە حیزبە باڵادەستەکانی هەرێم و بەتایبەتی پارتی و یەکێتی هەوڵ دەدەن پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسلامییەکان بە باشی بهێڵنەوە.
دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ دوکتور بێن پریست لێرەوە بخوێنەوە:
کوردپرێس: لانی کەم دوو حیزبی دیار و بەرجەستەی ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان هەن کە ژمارەیێکی بەرچاویش نوێنەریان لە پەرلەمانی کوردستانە. بە ڕای ئێوە ئەم حیزبە ئیسلامییانە لە کاروباری هەرێمی کوردستان چ قورسایی و دەورێک دەگێڕن؟
دوکتور بێن پریست: پێوەندیی ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حیزبە خاوەن دەسەڵاتەکان واتا پارتی و یەکێتی و گۆڕان پێوەندییێکی سازندە و ئیجابییە. من ئاگادری ئەوەم کە لە ئاستی شەخسی و تاکەکەسیدا سەرکردەکانی ئەو حیزبانە حەز دەکەن بە زووترین کات لە دەستی حیزبە ئیسلامییەکان ڕزگاریان بێت. بەوەشەوە ژمارەیێکی زۆر لە هاووڵاتییانی کورد هەن کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پشتگیریی ئەو حیزبە ئیسلامییانە دەکەن. بەتایبەتی لە ناحیەی ڕانیە و هەڵەبجە و ناوچەی بچووکتری وەک تەوێڵە کوردەکان لەو ناوچانە هەندێک داواکارییان هەیە کە دەسەڵات ئاوڕ لەو داواکارییانە ناداتەوە بەڵام حیزبە ئیسلامییەکان باشتر دەنگی ئەو داواکارییانە دەبیستێت. ئیسلامییەکانی بەشێکی هەمیشەییی ئێکۆسستەمی هەرێمی کوردستانن و هەر کاتێک حیزبە باڵادەستەکان بەنیازبن جەماوەری زیاتر بۆ خۆیان کۆ بکەنەوە دەبێت حساب بۆ ئیسلامییەکان بکەن. نموونەیێکی ئەم بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ لێکەوتەکانی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان کە ساڵی 2017 کرا. یەکەم دیدارەکانی نێچیرڤان بارزانی لەو کاتەدا لەگەڵ عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی بوو.
کوردپرێس: ئایا حیزبە ئیسلامییەکانی هەرێمی کوردستان توانای ئەوەیان تێدا دەبینرێت کە ڕۆژێک لە رۆژان دەسەڵات بە دەستەوە بگرن؟
دوکتور بێن پریست: بە کورتی پێت بڵێن: نەخێر. زۆرینەی کوردەکانی عێراق لەگەڵ ئەوە نین کە ئیسلامییەکان پۆستە هەستیارەکانی هەرێم بە دەستەوە بگرن. ڕاستە کە ئیسلام بۆتە بەشێکی هەمیشەیی لە تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتیی هاووڵاییانی هەرێمی کوردستان بەڵام شۆناسی ئیسلامی لە هەرێم بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی ئەو ناوچەیە بۆن و بەرامەی کەمتری هەیە و ئەدەبی سیاسیی هەرێمی کوردستان زیاتر جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەوری ئیسلام چیە و لە چ بابەتگەلێمدا بۆی نیە تەداخولی کارەکان بکات.
یەک لەو هۆکارانەی کە بەردەوامی بە چالاکیی حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان دەدات بەڕێوەبردنی بۆنە و یاد و ڕێوڕەسمە ئیسلامییەکانە کە بەردەوام بەشێک لە داواکارییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بووە. بۆ نموونە ڕادیۆی ڕووداو کە میدیایێکی سەر بە پارتییە لە مانگی ڕەمەزاندا من گوێم لەو ڕادیۆیە گرتبوو وەکوو دیکەی میدیا ئیسلامییەکان باسی کەسایەتییە ئیسلامییەکان و تەوەری ئاینیی دەکرد. ئەمە شتێکی ئاسایییە. بەڵام لەگەڵ تەوابوونی ڕەمەزان، کە ڕادیۆکەم کردەوە یەکەم شت مونافیسەیێک بوو لە سەر تەوەری ئەدەبی لە ڕۆژئاوا و خورهەڵاتی ناوەڕاست. دیارە بینیم کە ئەو ڕادیۆیە گەڕابوویەوە سەر بەرنامە ئاسایییەکانی خۆی. بۆیە دەتوانین بڵێین لە هەرێمی کوردستان تا ئەو کاتەی پێویستە ڕەچاوی بۆنە و یاد و ڕێوڕەسمە ئاینییەکان بکرێت دەیکەن و پاشان هەموو ئەو تەوەرانە تا دەستپێکردنەوەی یاد و بۆنەیێکی تری ئیسلامی وازیان لێدەهێنرێت.
مەبەستی من ئەوە نیە بەم قسانەم حوکم لەبارەی ئیمانی هاووڵاتییانەوە بدەم. من لەو پێگەیەدا نیم و ناتوانم دژایەتیی ئەو ڕێبازە بکەم کە هەر تاکێک بۆ ژیانی خۆی هەڵیدەبژێرێت. هەرگیز لە ڕۆژێکی هەینیدا نەمبینیوە کە مزگەوتی جامیعەی هەولێر جمەی نەیەت لە نوێژکەر. بەڵام مەبەستمە بڵێم لای زۆربەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، ئیسلام بەشێک نیە لە شۆناسی ئاگادارانەیان. لەگەڵ زۆر گەنجی هەولێر و سلێمانی قسەم کردووە و دەتوانم بڵێم بەشێکی زۆر لە نەوەی داهاتووی هەرێم لە کاتی شەڕی ناوخۆی عێراقدا ساوا بوون و لە کاتی شەڕی داعشیشدا نەونەمام بوون. لانی کەم ئەو گەنجانە لەبارەی ئیسلامەوە هەر هیچ نەبێت تووشی دژبەیەکییێک لە زەینیاندا دەبن. زۆربەی ئەو گەنجانە بە منیان وتووە ئیسلامی سیاسی پێوەندیی هەیە بەو توندئاژۆیییەوە کە هەموو ژیانی ئەوانی گرتۆتە بەر.
بەڵام بەشێک لە گەنجەکانیش دژی ئەم قسانەن و تەنانەت بەشێکی کەمی ئەو گەنجانەش پێوەندییان بە گرووپە تندڕەوەکانەوە کردووە بەڵام هەر لە بنەماوە لادان لە هەندێک پێوەر دەبینرێت. حیزبە ئیسلامییەکان لە هەرێمی کوردستان تەنانەت ئەگەر هەموو ناکۆکییەکانیشیان وەلا بنێن و بتوانن پێچەوانەی ئێستا هەموو نوێنەرانی کۆمەڵ و یەکگرتوو و دیکەی حیزبە ئیسلامییەکان یەک بگرن دیسان نابن بە زۆرینە لە هەرێمی کوردستان. بۆیە بە ڕای من گۆڕینی دیموگرافیای هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندیی ئیسلامییەکان نابێت.
کوردپرێس: هەولێر و بەغدا لە کاتی شەڕی داعشدا هاوکاریی باشیان لەگەڵ یەکتر کرد. ئایا لە سەردەمی دەسەڵاتی مستەفا کازمیشدا کە بۆتە سەرۆکوەزیرانی عێراق، ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا کۆتایییان پێدێت؟
دوکتور بێن پریست: پەرەسەندنی کۆرۆنا کارتێکەریی لە سەر زۆر مەسەلی تایبەت بە عێراق کردووە و دەوڵەتی عێراقیش وەکوو زۆربەی وڵاتان وەک ئەمریکا و ئێران و ڕووسیا و چین و تورکیا و سعوودیە داوێنگیری لێکەوتەکانی ئەو ڤایرۆسە بووە و ئێستا هەوڵ دەدات پێگەی خۆی بۆ قۆناغی پاش کۆرۆنا جێگیر بکات. بە ڕای من ئەمەش ئاسایی بوونەوەی پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدای لەگەڵ دەبێت بەتایبەتی کە ئەم پەرەسەندەی کۆرۆنا ڕێگریی کردووە لە دەستپێکردنەوەی بازرگانی و کاری دارایی بە شێوەی پێشوو. لە لایێکی دیکەشەوە بۆ وڵاتێکی وەک تورکیا بەکارهێنانی دژایەتیی بەغدا و هەولێر دژی یەکتر ئاسانترە چوونکە عێراقی پەرتەوازە وڵاتێکی کەم هێز دەبێت و تەعامول کردن لەگەڵ دراوسێی کەم هێز ئاسانترە. دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین کازمی تا چ ڕادەیێک دەتوانێت بە بێ وابەستەیی لەگەڵ وڵاتانی دیکە ئەرکەکەی ڕاپەڕێنێت.
کوردپرێس: ئەنجامی خولی یەکەمی دانوستانی ستراتێجی نێوان ئەمریکا و عێراق چۆن دەبینی؟ ئایا ئەمریکا لە عێرا ق و هەرێمی کوردستان دەکشێتەوە؟
دوکتور بێن پریست: ئەگەر کۆی بابەتەکان بهێنینە پێش چاو دەبینین ئەمریکا خاوەنی ستارتێجی و سیاسەتی ڕوون لە عێراق و هەرێمی کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نیە. بەڵام بەم وەزعەوە پێم وانیە ئەمریکا لە ناوچەکە بکشێتەوە. پاش ئەو ڕووداوانەی لە دوای تیرۆرکردنی سەردار قاسم سولەیمانی و ئەبوومەهدی موهەندیس ڕوویان دا ئەو بابەتە هاتە پێشەوە کە ئەمریکا لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی میلیشیاکانی سەر بە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق دوور کەوێتەوە و ڕوو بکاتە هەرێمی کوردستان. دامەزراندنی 4 بنکەی سەربازیی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان نیشانە و دەلالەتن لە سەر ئەوەی ئەمریکا بۆ ماوەیێکی دوور نیازیەتی لە هەرێم بمێنێتەوە. ئەوەش هیوای ئەوەی بووژاندۆتەوە کە پێوەندیی نێوان ئەو دوو لایەنە باشتر بێت.
لەبارەی گووشارەکانی سەر دەوڵەتی عێراقیش سەبارەت بە هەبوونی هێزی ڕۆژئاوایی مەسەلەی زەروورەتی هاوسەنگیی لە بەرانبەر نفووزی ئێران دێتە ئاراوە. دەنگدان بۆ دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق دەنگدانێکی ئاشکرا و شەفاف نەبوو هەر بۆیەش بە ڕای من ژمارەیێکی زۆری نوێنەران لەگەڵ ئەو مەسەلەیە نین.
کوردپرێس: بەڕای ئێوە شێوەی مامەڵەکردنی دەوڵەتی عێراق و وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە دوای ڕیفراندۆمەکەی 2017وە چۆن بووە؟
دوکتور بێن پریست: سیاسەتەکانی ئەمریکا لە لایەن دەوڵەتێکەوە داڕێژراوە کە ئیدعا دەکات بە هەموو توانای نەرمئامێر و سەختئامێرییەوە هەوڵ ددەدات بەرپەرچی نفووزی ئێران لە عێراق بداتەوە. بەڵام بە کرداری شتێکی تر ڕوو دەدات. بۆ نموونە پێش ئەوەی ساڵی 2017 کەرکووک وەربگیرێتەوە بەڵام خەڵکانێک لە عێراق تانکی ئابرامزی ئەمریکییان بۆ شەڕکردن دژی پێشمەرگەی پارتی و هێزەکانی سەربە کۆسرەت ڕەسووڵ لە یەکێتی بەکار هێنا. لە ئەنجامیشدا هەرێمی کوردستان بە پێویستی زانی لەگەڵ ئەمریکییەکان گفتوگۆ بکات و هاوکاتیش کار بۆ ئەوە دەکات کە سەرمایەدانەریی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان زیاد بکات.
بەگشتی دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان پاش ڕیفراندۆمەکەی 2017 کار بۆ ئەوە دەکات کە خۆی لەو پێگە لاوازە دەرباز بکات بەتایبەتی لەو قەزرە زەبەلاحەی کە لە کاتی شەڕی دژبەداعشدا کەڵەکە کراوە و ئەو سامانە سیاسییەی پاش ڕیفراندۆم لە کیسی چوو. پێچەوانەی ئەوەی زۆربەی خەڵکی ناوچەکە حەز دەکەن داعش نەمێنێت بەڵام لە زۆر کەسی عێراق و ئوردنی و ڕۆژنامەوانی تر بیستوومە کە دەڵێن ڕیفراندۆمی کوردەکان داگیرکردنی دەسەڵات بووە و وای مانا دەکەنەوە کە کورد خەڵکێکی ملهوڕە کە بەشێکی زیاتر لە بەشی خۆی دەوێت بەڵام ئێستا نازانم بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تا چ ڕادەیێک ئەم ڕوانگەیەی گۆڕیبێت.
پاش ڕووداوەکانی 2017 و کشانەوەی لەسەر یەکی ئەمریکا لە سووریا کە کوردەکانی سووریای خستە ژێر هێرشی تورکیا دوو ئوپەراسیۆنی چڵە زەیتوون و کانیی ئاشتییان بە سەردا کرا لە زۆر کوردم بیستووە کە دەڵێن چیتر هەرگیز متمانە بە ئەمریکا ناکەن. بەڵام حەقیقەت شتێکی ترە و جیاوازە لەو وتەیە کوردەکان کە دەڵێن: "سیاسەت باوک و دایکی نیە". هاوپەیمانیی هەمیشەیی لە سیاسەتدا مانای نیە. زۆر شت بە خێراترین کات دەگۆڕدرێت. بە دڵنیایییەوە ئیدارەی ترەمپ خەساری لە متمانەی ئیلتیزامی ئەمریکا بۆ پاراستنی کورد داوە بەڵام هەندێ جاز هەندێ شت گۆڕانیان بەسەردا دێت. گۆمانم نیە کە ئەگەر بەڵایێکی دیکەی وەک داعش بە سەر هەرێمی کوردستاندا بێت، هەرێم یارمەتییەکانی ئەمریکا قبووڵ دەکات.
بۆچوونی بەکارهێنەران