هەولێر ئامادەیە تەواوی فایلی نەوت ڕادەستی بەغدا بکات بەڵام بە مەرجێک بودجە بە تەواوی بنێرن
پوختەی هەواڵ
کوردپرێس:
بڕیاری دەوڵەتی فیدراڵی عێراق بۆ بڕینی دوبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جارێکی تر دەرگای ململانێ و ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدای کردەوە و ڕەخنە و تانەی توندی لایەنی کوردیی بە دوای خۆیدا هێنا. حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەو مەبەستە شاندێکی بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم ناردە بەغدا. چۆنیەتی و چیەتیی دانووستانەکانی نێوان ئەو شاندە و بەغدا نەخوازەڵا لەم هەلومەرجەدا کە مستەفا کازمی بۆ پێکهێنانی حکوومەتەکەی پێویستی بە دەنگی لایەنی شیعی هەیە، زۆر گرینگ نیە، خاڵی گرینگ ئەوەیە کە دەوڵەتی کاربەڕێکەر بۆچی دیسان بڕیاری دا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببڕێت؟
محەممەدعەلی یاسین ئەکادیمیک لە بواری زانستە سیاسییەکان و پەرلەمانتاری خۆلی چواری پەرلەمانی کوردستان لەبارەی هۆکاری دەرکردنی ئەو بڕیارە لە لایەن بەغداوە بە کوردپرێسی وتووە ئەوەی لە بەغدا دژ بە هەرێمی کوردستان روو دەدات شتێکی نوێ نیە، درێژەپێدانی ئەو نەفەسە شۆڤینییەیە کە هەر لە پاش شەری جیهانی یەکەم و دابەشکردنی کوردستان لە دژی کورد دەستی پێکردووە، لە بەغدا و ناوچەکەش تا ئێستا بەردەوامە. ئەمە پەیوەندیی بەم قۆناغە و قۆناغێکی دیکەوە نیە.
ئەو نوێنەرەی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کوردپرێسدا کە ئایا بڕیارەکە تا چەند پشت بەستووە بە یاسای بودجه و ڕێککەوتنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و بۆچی هەولێر سەرەڕای پەسندبوونی بوودجە و ڕێککەوتنی دوو لایەنە ئامادە نەبوو بڕی نەوتی دیاریکراو بدا بە بەغدا، ڕایگەیاند: "هیچ کات بەغدا تەواوی شایستە داراییەکانی کوردستانی نەناردووە و بڕینی بۆدجە بە تەواوەتیش لە سەرەتای ٢٠١٤ تا ئێستا بەردەوامە. لە پاش دەستبەکاربوونی هەردوو حکۆمەتی نوێی هەولێر و بەغدا کە ئەویش ناردنی تەنیا بەشێک لە مووچەی هەرێم بووە. ئێمە پێشتر بە بەغدامان ڕاگەیاندووە کە ئامادەین تەواوی فایلی نەوت رادەستی بەغدا بکەین بەڵام بە مەرجێک گشت شایستە داراییەکانی هەرێم و بودجە بە تەواوی بنێرن. ئێستاش ئامادەینە بەڵام بەغدا نیەتی ئەوەیە کە فایلی نەوت و بودجە بۆ مەرامی فشاری سیاسی بەکار بهێنێت و بەردەوامیشە."
لەم ڕۆژانەدا ژمارەیێک لە چاودێران دەڵێن بڕینی مووچە لە بەر پشت کردنی کورد لە عەبدولمەهدی و پشتگیری کردنیان لە مستەفا کازمییە. محەمەد عەلی یاسین ئەو وتانەی ڕەت کردەوە و گوتی: "هیچ پەیوەندیی بەوە نیە، ئێستا عبدالمهدی لە سەروبەندی رادەستکردنی کورسی دەستهەڵاتە کە ئەویش زۆرتر لە ژێر فشاری لایەنە شیعیەکاندا دروست بوو و کورد بە گشتی بەشێک نەبووە لەو کێشانە. پێشتریش ئێمە پشتگیری عبدالمهدیمان کردووە و لە حکۆمەتەکەی دا بەشداربووین. "
ناوبراو لەبارەی ئەو بۆچوونەش کە پێداگریی پارتی لە سەر مانەوەی دوکتۆر فواد حسین لە وزارەتی دارایی بە هۆکارێکی دیکەی ئەم بڕیارەی بەغدا دەزانن, بە کوردپرێسی گوت: "لەوانەیە دکتۆر فوئاد حسێن لە بەغدا زۆر خۆشەویست نەبێت، ئەوەش حالەتێکی چاوەروانکراوە، چۆنکە بەرێزیان وەزیرێکی کوردە کە تەسلیمی ئیرادەیەکی دوژمنکارانە نابێت خەڵکانێک لە بەغدا لە دژی هەرێم بەکاردەگرن. هەرچەندە بابەتەکە ئەمە نیە بەڵام جگە لەوەش پارتی بە پێی بەرکەوتە و ئیستحقاقی خۆی مافی خۆیەتی هەر کاندیدێک پێشنیاز بکات و پێداگری لە سەر بکات."
شایانی باسە شەوی شەمە 6ی گوڵانی 1399 میدیا عێراقییەکان نامەیێکی فەرمییان بڵاو کردەوە کە پێش دە ڕۆژ، بە واژۆی حەمید نەعیم غەزی سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی کاربەڕێکەر بڵاو کرابوویەوە و تێیدا ڕاگەیێندرابوو کە بە هۆی پابەندنەبوونی هەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتنی دوو لایەنە بۆ ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە بەغدا، بڕیار درا ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەڵپەسێردرێت. هەر لە نامەکەدا بە نووسینگەی فواد حوسێن وەزیری داراییی حکوومەتی هەرێم فەرمان کراوە سەرباری ئەوەی بودجە و مووچەی هەرێم ببڕێت سەرجەم ئەو بودجەیەی لە ماوەی ڕابردوودا بۆ هەرێم نێردراوە لە هەولێر وەربگیرێتەوە لەبەر ئەوەی بە گوێرەی ڕێککەوتنەکەی نێوانیان پێویست بوو هەولێر 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە نەوت ڕادەستی بەغدا بکات.
هەر لە نامەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا باسی ئەوەش کراوە کە کۆمپانیای حکوومیی بازاڕدۆزیی نەوتی عێراق ناسراو بە سۆمۆ جەختی کردۆتەوە کە هەرگیز ئەو نەوتەی وەرنەگرتووە کە هەولێر و بەغدا لە سەر ڕادەستکردنی ڕێککەوتبوون و وەزارەتی نەوتی عێراقیش ڕایگەیاندبوو کە هەموو مانگێک ڕاپۆرتی ئەوەی بە دەست گەیشتووە کە هەولێر نەوتەکەی ڕادەست نەکردووە.
دیمانە: حەسەن ساڵحی بەشی فارسیی عێراق و هەرێمی کوردستان/ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس
بۆچوونی بەکارهێنەران