شوێنی بانەری ڕیکلام (728x90)
گفتگو نووسەر: کوردپرێس 2020-08-26 05:48 کاتی خوێندنەوە: 2 خولەک بینین: 0 (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

تورکیا و ئیدارەی خۆسەر هەردوو خەتابارن لە بڕینی ئاوی حەسەکە

پوختەی هەواڵ
بەشی سووریا- ئەندامێکی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا (P.Y.K.S) لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وتووە: تورکیا لە بڕینی ئاوی حەسەکە خەتابارە چوونکە دەستدرێژیی کردووە و سنووری بەزاندووە. لای خۆیەوە ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریاش خەتابارە لەبەر ئەوەی لە ئیدارەکردندا باش دەرنەکەوتووە.

کوردپرێس:

هەڤاڵ عیسا ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانی سووریا (P.Y.K.S) لە لێدوانێکدا وەڵامی ئەو پرسیارەی هەواڵنێری کوردپرێسی داوەتەوە کە ئامانجی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەربەو وڵاتە لە بڕینی پەیتاپەیتای ئاوی حەسەکە چیە؟ ناوبراو لە وەڵامدا بە کوردپرێسی وت: هاووڵاتییانی ئێمە لە کوردستانی سووریا ئێستا خراپترین قۆناغی مێژوو تێدەپەڕەێنن و تەحەمولی دۆخێکی دژوار دەکەن. ئێستا ماوەی سێ هەفتەیە ئاوی حەسەکە بڕاوە و ئاو بە تەنکەر و بە نرخێکی ئێجگار گران دەگاتە دەست هاووڵاتییان و ئەوەش لە کاتێکدایە کە مەترسیی جدیی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڕەشە لە هاووڵاتییانی ناوچەکە دەکات.

هەڤاڵ عیسا گوتیشی: سەرەتا تورکیا خەتابارە لە بڕانی ئاوی حەسەکە بەڵام بە پلەی دووهەم تۆمەتی خەتاباری دەکەوێتە پاڵ ئیدارەی خۆسەریش چوونکە نەیتوانیوە لە ئیدارەکردنی ناوچەکەدا ئەرکەکانی خۆی ڕاپەڕێنێت.

ناوبراو زیادی کرد: ئیدارەی خۆسەر دەبێت هەست بە بەرپرسیارێتی بکات و چارەسەرێکی گونجاو بۆ بڕانی ئاوی حەسەکە بدۆزێتەوە و چەند بیری ئاو بۆ هاووڵاتییان بکەنێت.

ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی یەکێتیی کوردستانی ئەوەشی زیاد کرد کە بە پلەی سێهەم ئەمریکا خەتابارە و پێویستە بەرپرسیارێتییەکەی بەرانبەر بە هاووڵاتییانی کوردستانی سووریا قبووڵ بکات. ئەمریکا لەگەڵ تورکیاش و لەگەڵ پەیەدەش پێوەندیی هەیە و پێویستە ڕێگە بە تورکیا نەدات کاری وا بکات.

ناوبراو ئاشکراشی کرد کە ڕووسیاش دەوری گەورە دەبینێت و هاوپەیمانی دەوڵەتی ناوەندیی سووریایە و نابێت ڕێگە بدات دەوڵەتی سووریا گوشار بخاتە سەر باکوور و خۆرهەڵاتی سووریا.

هەڵاڤ عیسا پێشنیازی ئەوەشی کرد کە هاووڵاتییان و حیزبەکان و میدیاکانیش شەپۆلێک لە گوشار دروست بکەن و ئیدارەی خۆسەر و دەوڵەتی سووریا و ئەمریکا و ڕووسیا ناچار بکەن چارەسەرێک بدۆزنەوە بۆ مەسەلەی بڕانی ئاوی حەسەکە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.
یاریدەدەری زیرەکی هەواڵ
هەواڵە تازە و گرنگەکان خێرا پێداچوونەوە بکە