ئامانجی تورکیا داگیر کردنی بەشێکی دیکە لە کوردستانی سووریایە
پوختەی هەواڵ
عەبدولڕەحمان ئاپۆ ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دابە هەڕەشە نوێکانی ئەردغان لەدژی کوردستانی سووریا و ڕایگەیاند: زۆر ئاشکرایە کە تورکیا وڵاتێکی داگیرکەرە و هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ زەبرلێدان لە کورد.
ناوبراو زیادی کرد تورکیا بە بیانووی بوونی پەکەکەوە عەفرین و سەرێکانی و گرێسپیی داگیر کرد و ئێستاش بەدوای داگیر کردنی ناوچەیەکی دیکەی کوردستانی سووریادایە.
عەبدولڕەحمان ئاپۆ ئاشکراشی کرد: هەڕەشەکانی ئەمدواییەی تورکیا لەدژی کوردەکان پیلانی هاوبەشی دەوڵەتەکانی تورکیا و سووریایە تاکوو ناوچە کوردنشینەکانی سووریا ڕادەستی تورکیا بکرێت و ڕێگا لە ئازادیی کوردەکان لە داهاتوودا بگیردرێت.
ئەندامەکەی لیژنەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا وتیشی: تورکیا بەدوای دابڕانی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا لە یەکترە. پێرەکە لە عەفرین بوو، دوێکە لە سەرێکانی و گرێسپی و ئەمڕۆ شەهبا و بەیانیش ناوچەکانی دیکەی کوردستانی سووریا داگیر دەکات.
عەبدولڕەحمان ئاپۆ وەبیری هێنایەوە: پێویستە کوردی سووریا هەماهەنگ و یەکگرتوو بن و خۆیان بۆ هەر ڕووداوێک ئامادە بکەن.
بۆچوونی بەکارهێنەران