محل قرارگیری بنر تبلیغاتی (728x90)
ویدئو
خبر نویسنده: کردپرس 1405/03/27 06:51 زمان مطالعه: 2 دقیقه بازدید: 0 (0)
اندازه متن:
تلگرام واتساپ

پچەی باران و دڵی تەنگ؛ هاوارێکی ژنانە بە زمانی شیعر

خلاصه خبر
ڕۆژی شەممە ٢٣ی جۆزەردان، هۆڵی ژمارە ٢ی سینما بەهمەنی شاری سنە، بووە چەق و مەکۆی کۆبوونەوەی شاعیران، نووسەران و هۆگرانی کاروانی ئەدەبی کوردی. لە کۆڕێکی پڕ لە شکۆدا، پەردە لەسەر دیوانە شیعری نوێی شاعیر "ناهید نەسیری" بە ناوی «پچەی باران و دڵی تەنگ» لادرا.
صفحه ویدئویی پلیر مستقیم

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەم ئێوارە ئەدەبییەدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە سیمایە ناودار و ناسراوە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانی کوردستان وەک: محەمەد ماجید ڕۆحانی، فەردین سادق ئەیوبی، دکتۆر ئەردەلان، ئەسعەد فەرهادی، سیمین چایچی و کۆمەڵێکی زۆر لە ئەویندارانی وشە و ڕەوانبێژی ئامادە بوون.

لە بەشێکی سەرەکیی کۆڕەکەدا، هەریەک لە پسپۆڕان و ڕەخنەگرانی ئەدەبی؛ دکتۆر بیان عەزیزی، دکتۆر ئومێد ورزنده و دکتۆر عەدنان بەرزنجی، بە چاوێکی زانستی و پسپۆڕانەوە هەڵسەنگاندن و ڕەخنەیان بۆ ناوەرۆک و زمانی ئەم بەرهەمە نوێیە کرد.

دکتۆر ئومێد وەرزیار لە گوتەکەیدا تیشکی خستە سەر لایەنە نوێگەرییەکانی ئەم دیوانە و ئاماژەی بەوە کرد کە شاعیر بە زمانێکی سادە و ڕەوان توانیویەتی بەشێک لە تابۆ باوەکان تێکبشکێنێت. ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە شاعیر بە ئەنقەست کەڵکی لە دەستەواژەی ئەردەڵانی لەبری سۆرانی وەرگرتووە ئەمەش خاڵێکی بەهێز و تایبەتی ئەم کتێبە دێتە ئەژمار کە ڕەسنایەتیی دەقەکەی پاراستووە.

لەلایەکی ترەوە، دکتۆر عەدنان بەرزنجی وێڕای بەرزنرخاندنی ئازایەتی و بوێریی ناهید نەسیری لە دەربڕینی هەستەکانیدا، ڕایگەیاند کە شاری سنە هەر لە مێژووەوە لانکەی ژنانی پێشەنگ و داهێنەری وەک "مەستوورەی ئەردەڵان" بووە و ئەم شاعیرەش درێژەپێدەری ئەو ڕێڕەوەیە. دکتۆر بەرزنجی نیگەرانیی خۆشی لەسەر ئاستی زمانی شیعری کوردی دەربڕی و گوتی: «زمانی شیعری کوردی پێویستی بە بەهێزکردن و پاراستن هەیە؛ دەبێت بە جیدی ئاگاداری ئەوە بین کە زمانی شیعر بەرەو دەستکردبوون نەچێت و ڕەسنایەتیی خۆی ون نەکات.»

هەر لەم کۆڕەدا، دکتۆر بیان عەزیزی ئەم دیوانەی وەک بەرهەمێکی کۆمەڵایەتیی خاوەن پەیام ناساند و گوتی: «لە دێڕ بە دێڕی ئەم کتێبەدا، خەمخۆری و خولیای شاعیر بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت پرسی ژنان بە ڕوونی دەبینرێت؛ تەنانەت لەو شوێنانەشدا کە شیعرەکە ڕواڵەتێکی عاشقانەی هەیە، ڕەگ و ڕیشەی ئەم خەمە کۆمەڵایەتییە لەناو دێڕەکاندا بەدی دەکرێت.»

لە کۆتاییی مەراسیمەکەدا، "ناهید نەسیری" وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ مامۆستایان، ڕەخنەگران و ئامادەبووان، لەبارەی بەرهەمەکەیەوە وتی: «ئەم کتێبە پێش ئەوەی بانگەشەیەکی ئەدەبی بێت، زیاتر هاوارێکی دادخوازییە کە لە قووڵاییی دڵمەوە و بە زمانی شیعر دەربڕدراوە.»

خبرهای مرتبط

دیدگاه کاربران

0 نظر
امتیاز:
(0)
دیدگاه‌های ارسال‌شده پس از تأیید ناظران منتشر خواهند شد.
دستیار هوشمند خبر
خبرهای تازه و مهم را سریع مرور کنید