بارودۆخی ئێستا، هەرێمی کوردستان بەرەو پووکانەوەی ناوخۆیی دەبات
پوختەی هەواڵ
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نەزهەت حالی بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی پاراستن ئاماژەی بەوە داوە، بە داخەوە وەکوو تێبینی دەکرێت بۆ چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکان، زۆربەی سیاسەتوانان زیاتر لەهەر کەناڵ و ڕێگایەکی دیکە پشت بە ئامرازی میدیا و سۆشیال میدیا دەبەستن. لەکاتێکدا ئەم مینبەرانە نەک هەر نەیانتوانیوە کێشەکان چارەسەر بکەن بەلکوو قووڵتریان کردۆتەوە.
دەقی بڵاوکراوکەی نەزهەت حالی:
دیتن و بیستنی ڕاستییەکان ئازایەتی و مەردایەتی گەرەکە
نەزهەت حالی
بارودۆخی هەنوکەیی عێراق و هەرێمی کوردستان
لە چەندین ڕووەوە باش نییە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کێشە و گرفتەکان لە هەڵکشانن.
دیارە ئێمە بارودۆخی هەرێمی کوردستانمان زیاتر لا مەبەستە کە بە داخەوە لە ئێستادا بەرەو پووکانەوەی ناوخۆیی دەچێت، بە تایبەتی لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە، سیاسەتمەدارە بڕیار بەدەستەکانیش خۆیان لە قەرەی دانپێدانان بەو ڕاستییە مەترسیدارە نادەن. هەر بۆیەش ناتوانن چارەسەری بۆ بدۆزنەوە.
هەروەها بڵاو بەنەوەی پەتای تەمەلوق و پێدا هەلگوتنی ناڕاست و بێ مانا سەری نەک تەنیا لە سیاسەتوانان بەڵکوو لە خەلکیش شێواندووە.
لە ئێستادا پێوەری لێ هاتوویی و کارامەیی و دلسۆزی بووەتە زۆرترین و خەستترین ماستاو کردن، عەرەب گوتەنی (تملق لتتسلق) بووەتە هونەر و ڕێگای وەرگرتنی پۆست و امتیازات، کە بلاو بوونەوەی ئەو پەتایە و بە دیاردە بوونی و زۆری ماستاوچییەکان، مەترسییە لەسەر کۆمەلگا و سیستەمی سیاسیمان. لەبەر ئەوەی ئەم گرووپە لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەوڵدەدەن و باکیان بە ئایەندەی وڵات و تەنانەت خودی ئەو بەرپرسەش نیە کە لە تەمەلوق کردن بۆی ریکۆردیان شکاندووە و لە فەرهەنگی ئەواندا قیەمی وەفا و ولاو بوونی نییە.
دەبوایە لە ئێستادا کاری هەرە لە پێشینەی سیاسەتمەدارە بڕیار بە دەستەکان، ئاشتکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان لە گەڵ یەکتری و چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکان بوایە، بۆ ئەوەی بۆ پالپشتی کردن لە حکوومەت و دامەزراوە فەرمییەکان لە بەرانبەر بەغدا، بەرەیەکی نیشتمانی یەکگرتوومان هەبوایە. سەرکردەکان دەبێت ئەو ڕاستییەیان لەبەر چاو بێت ئەو کارە باشانەی ئەمڕۆ دەتوانن ئەنجامی بدەن، ڕەنگە بەیانی و لە ئایەندەدا ئەو دەرفەتەیان بۆ نەڕەخسێت.
بە داخەوە وەکوو تێبینی دەکرێت بۆ چارەسەر کردنی کێشە و گرفتەکان، زۆربەی سیاسەتوانان زیاتر لەهەر کەناڵ و ڕێگایەکی دیکە پشت بە ئامرازی میدیا و سۆشیال میدیا دەبەستن. لەکاتێکدا ئەم مینبەرانە نەک هەر نەیانتوانیوە کێشەکان چارەسەر بکەن بەڵکوو قوولتریان کردۆتەوە.
وێڕای لایەنی ئەرێنی کەناڵی میدیایی و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەگشتی ،ئەم سەکۆیانە دەرفەتن بۆ ماستاوچییەکان هەر کات بیانەوێت و چەندی دوریش بن خۆیان بخزێننە ناویان، بە پێچەوانەی قۆناغی ڕابردوو، كه پێدا هەڵدان و تەمەلوق ڕاستەوخۆ ڕووبەڕوو دەکرا.
دیارە ئەو دیاردە ناشرین و پەتا وێرانکەرە، دیاردەیەکی تازە نیە و ماستاوچییەکان لەدێرزەمانەوە بەدەوری دەسەڵاتداران دەخولێنەوە.
بۆنموونە ماکیاڤیلی لە کتێبی (میر) ئامۆژگاری میر دەکات کە خۆی لە ماستاوچییەکان بپارێزێت.
هەروەها دەگێڕنەوە کە لە سەردەمی لویسی چواردەدا دارودەستەی پاشای فەرەنسا لە دەور و بەری کۆ دەبوونەوە و دەستیان دەکرد بە مەدح و سەنای خاوەن شکۆ، جارێک پاشا پرسیار لە یەکێک لە ئامادە بووان دەکات کە هاوسەرەکەی دوو گیان بووە و دەپرسێت: کەی هاوسەرەکەت منداڵی دەبیت، ئەویش لەوەڵامدا وتوویەتی :کەی خاوەن شکۆ بیەوێت منداڵی دەبێت.
دیارە وێڕای مەترسی پەتای تەمەلوق، تەنیا گوتنی راستییەکان ئازایەتی و دڵسۆزی ناخوازێت، بیستن و بینینی ڕاستییەکانیش لە لایەن دەسەلاتداران مەردایەتی و بوێری گەرەکە. زۆر جار دەسەڵاتداران لە ناو کۆشک و تەلارەکانیان بە هەلپەرست و موتمەلقەکان دەور دەدەرێن و هالەیەک و دونیایەکی ناڕاستیان بۆ دروست دەکەن کە دڵخوازی دەسەلاتدارانە، بیستنی ڕاستییەکان ئەو هالەیە لە ناو دەبات، وێنەی جیهانە جوان و خوازراوەکەی خەیاڵیان دەشێوێنێ، ڕاستییەکان بە هەموو دیوە خوار و پڕ لە گرفت و کەموکوڕییەکان بە دیار دەخات. هەر بۆیەش بیستن و بینینی ڕاستییەکان ئازایەتی زیاتری پێویستە. ئەرکی دەسەڵاتدارە کە ئازایەتی لە بڕیاردانی دروست و کرداری ڕاستەقینەی هەبێت، تەنانەت ئەگەر پێویست بکات لە خۆی و لە ئازیزەکانی دەست پێ بکات. بۆیە جەخت لەو ڕاستیە دەکەینەوە لە هەموو بارودۆخیکدا هەنگاوی یەکەم بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان لە ئازایەتی بیستن و بینینی ڕاستییەکانە، پاشان لە دان نانه بە هەڵەکان.
بۆچوونی بەکارهێنەران