شوێنی بانەری ڕیکلام (728x90)
خبر نووسەر: کوردپرێس 2026-08-22 10:20 کاتی خوێندنەوە: 5 خولەک بینین: 0 (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا پێگەی چ کەسانێک دەخاتە مەترسییەوە؟

پوختەی هەواڵ
بەشێک لە نەیارانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا نیگەرانی دەرئەنجامە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی بەشداریکردنی کوردەکانن لە پێکهاتەی سیاسیی وڵاتەکەدا؛ نیگەرانییەکانی ئەوان زیاتر پەیوەندیدارە بە پاراستنی پێگە و دەستکەوتەکانی ئێستایان و ترسیان لە گۆڕانکاری، نەک تەنیا تێڕوانینی ئەمنی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کوردەکان لە تورکیادا تەنیا لە دانوستانی نێوان دەوڵەت و لایەنە کوردییەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکوو کۆمەڵگەی تورکیاشی بەرەوڕووی پرسیارێکی بنەڕەتی کردووەتەوە دەربارەی ئایندەی وڵات: کێ پشتیوانی لە کۆتاییهاتنی ململانێی چەکداری و دەستپێکردنی پرۆسەی سیاسی دەکات، و کێ ئاشتی بە هەڕەشە بۆ سەر پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆی دەزانێت؟

لە لایەکەوە، ئەو گرووپانە وەستاون کە کۆتاییهاتنی شەڕ و ڕەخساندنی دەرفەتی بەشداریی سیاسی بۆ کوردەکان، بە دەرفەتێک دەزانن بۆ کۆتاییهێنان بە زیان و تێچووە مرۆیی و ئابوورییەکانی چەند دەیە لە ململانێ. لە لایەکی ترەوە، ئەو ڕەوتانە جێگیر بوون کە سازشکردن و ئاشتی بە «سازشدانی بێبەرامبەر»، لاوازکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت یان تێکدانی هاوسەنگیی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتدا دەبەستنەوە.

ئەو شیکارییەی گۆڤاری «ئامارجی» بڵاوی کردووەتەوە، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم کەڵێن و جیاوازییە سوودی لە ئەزموونی کۆڵۆمبیا وەرگرتووە. بەڵگەی سەرەکی ئەوەیە کە دووریی کەسەکان و گرووپەکان لە گۆڕەپانی جەنگ، دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تێڕوانینیان بۆ ئاشتی هەبێت. ئەو کەسانەی سەختترین باجی جەنگیان داوە، بە شێوەیەکی گشتی زیاتر بەتەنگ ئەگەری هەڵگیرسانەوەی شەڕەوەن و بەم هۆیەوە ڕەنگە بەرامبەر ئاشتی و سازش ڕوانگەیەکی وریایانە و واقیعبینانەتریان هەبێت.

لە بەرامبەردا، ئەو کەسانەی لە دەیەکانی ڕابردوودا لە گۆڕەپانی شەڕ و ئاڵۆزییەکان دوور بوون، ڕەنگە باجی ئاشتی و سازش زیاتر وەک کشانەوەی سیاسی یان سازشدان بەلای بەرامبەردا ببێنن. لەم تێڕوانینەدا، ئەو سازشانەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ پێویستن، دەکرێت بە ئاسانی بە «شکست» یان «سازشدانی بێبەرامبەر بە لایەنەکەی دیکە» لێک بدرێنەوە.

بەوتەی ئامارجی، «ئەوەی ماڵی نەسووتابێت، بە ئاسانی قسە لەسەر ئاگر دەکات». ئەم دەربڕینە ئاماژەیە بۆ ئەو کەڵێنەی لە نێوان ئەو کەسانەدا هەیە کە ڕاستەوخۆ تاڵی و باجی جەنگیان چەشتووە لەگەڵ ئەو کەسانەی لە شوێنێکی ئارام و دوورەوە بڕیار لەسەر جەنگ و ئاشتی دەدەن.

لە بارودۆخێکی وەهادا، یەکێک لە گرنگترین گرووپەکانی پشتیوانی ئاشتی لە نێو ئەو کۆمەڵگەیانەدا دەدۆزرێتەوە کە زۆرترین زیانیان لە جەنگ بەرکەوتووە. خێزانی قوربانییان، ناوچە کوردنشینەکان و ئەو بەشەی کۆمەڵگە کە دەرئەنجامە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی جەنگیان ئەزموون کردووە، پاڵنەرێکی بەهێزیان هەیە بۆ ڕێگری لە گەڕانەوەی توندوتیژی. بۆ ئەم گرووپانە، ئاشتی پیش لەوەی بابەتێکی ڕووتی سیاسی بێت، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژیان، ئاسایش و ئایندەی خێزانەکانیانەوە هەیە.

بەڵام نەیارانی پرۆسەی ئاشتیش ناتوانرێت تەنیا بە نیشتمانپەروەر یان «نەتەوەپەرست» بناسێندرێن. بەشێک لە دژایەتییەکان دەکرێت لە نیگەرانییەکانی پەیوەست بە دەرئەنجامە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تێکەڵبوونی کوردەکان لە پێکهاتەی سیاسیی وڵاتدا سەرچاوە بگرێت. پرسیارەکانی وەک ئەوەی کوردەکان دوای کۆتاییهاتنی ململانێکان چ پێگەیەکیان لە سیاستدا دەبێت، تا چ ئاستێک دێنە ناو دامەزراوە حکومی و سیاسییەکان و ئامادەییی ئەوان چ گۆڕانکارییەک لە پەیوەندییە هەبووەکاندا دروست دەکات، لەوانەن کە لە وتارەکەدا سەرنجیان دراوەتێ.

لە چوارچێوەیەدا، ئاشتی بۆ هەندێک گرووپ تەنیا بە مانای کۆتاییهاتنی جەنگ نییە؛ بەڵکو دەکرێت بە مانای گۆڕانی هەموو ئەو پەیوەندی و هاوسەنگییانە بێت کە لە ساڵانی ڕابردوودا دروست بوون. لەبەر ئەوە، بەشێک لە دژایەتییەکان ڕەنگە لە ترسی لەدەستدانی پێگە و دەستکەوتەکانی ئێستاوە سەرچاوە بگرێت.

ئەزموونی کۆڵۆمبیا کە ئامارچی ئاماژەی پێ دەکات، بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە گرنگە. لە ڕاپرسیی ساڵی ۲۰۱۶دا دەربارەی ڕێککەوتنی ئاشتیی نێوان حکومەتی کۆڵۆمبیا و هێزەکانی فارک، ڕێککەوتنەکە بە جیاوازییەکی زۆر کەمی دەنگەکان ڕەت کرایەوە. بەڵام گرنگیی سەرەکیی ئەنجامەکە، جیاوازیی جوگرافیی دەنگەکانی «بەڵێ» و «نەخێر» بوو. ناوچە دوورەدەست و هەژارەکان کە زۆرترین زیانیان لە جەنگ چەشتبوو، زۆربەیان پشتیوانییان لە ئاشتی کرد، لە کاتێکدا ناوچەکانی ناوەڕاست و دەوڵەمەندتر کە دوورییەکی زیاتریان لە گۆڕەپانی جەنگ هەبوو، دەنگی نەخێریان بە ڕێککەوتنەکە دا.

ئەم ئەزموونە دەری دەخات کە بۆ شیکردنەوەی پشتیوانی یان دژایەتیی ئاشتی، نابی تەنیا سەرنج بدەینە دروشم و هەڵوێستە سیاسییەکان؛ بەڵکو دەبێت بپرسین ئەگەر پرۆسەی ئاشتی شکستی هێنا، کێ باجەکەی دەدات. لەبارەی تورکیاشەوە ئەم پرسیارە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە گەڕانەوە بۆ ململانێی چەکداری پیش لە هەموو شتێک کاریگەری لەسەر ئەو ناوچانە دادەنێت کە لە ڕابردوودا زۆرترین باجی مرۆیی و ئەمنییان داوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، کۆتاییهاتنی ململانێی چەکداری بە تەنیا زامنی ئاشتییەکی بەردەوام ناکات. ئەزموونی کۆڵۆمبیا دەری دەخات کە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەش هەمان ئاست گرنگیی هەیە. بەرنامە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان کاتێک دەتوانن پشتیوانیی ئاشتی زیاد بکن کە خەڵکی ناوچەکە ئاسەوارە بەرچاوەکانی لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیاندا ببینن. لەو لێکۆڵینەوەیەی ئامارچی ئاماژەی پێ کردووە، ئەو پڕۆژانەی پەیوەست بوون بە گوزەران، کەرتی کشتوکاڵ و ژێرخانی ئابووری، کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر ڕەزامەندیی خەڵک هەبوو، لە کاتێکدا هەندێک پڕۆژەی دیکە، بە هۆی دروستکردنی چاوەڕوانیی بەرز یان گومان لە شێوازی جێبەجێکردنیان، تەنانەت بوونە هۆی ناڕەزایەتی.

کەواتە، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا ناتوانێت تەنیا ببێتە ڕێککەوتنێکی سیاسی لە نێوان سەرکردە و دەستەبژێرەکاندا. بۆ جێگیرکردنی ئاشتی، بەشداریی کۆمەڵگە خۆجێییەکان، ڕوونی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتن، زامنی سیاسی و هەستکردن بە خاوەندارێتیی کۆمەڵایەتی بەرامبەر پرۆسەی ئاشتی پێویست و حەتمییە.

لە ڕوانگەیەکی وەهادا، ڕیزبەندیی نێوان پشتیوانان و نەیارانی ئاشتی دەکرێت لە سەرووی دابەشکاریی سادەی «کوردەکان لە بەرامبەر تورکەکان» یان «نەتەوەپەرستان لە بەرامبەر ئاشتیخوازان» شیکاریی بۆ بکرێت. لە ڕاستیدا، بابەتەکە پەیوەندیدارە بە جیاوازی لە ئەزموونی جەنگ، پێگەی کۆمەڵایەتی، بەرژەوەندیی سیاسی و نیگەرانی لە دەرئەنجامەکانی گۆڕانکاری.

پشتیوانانی ئاشتی زیاتر کۆتاییهاتنی توندوتیژی، کەمکردنەوەی زیانە مرۆییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی بەشداریی سیاسی دەکەنە چەقی سەرنجی خۆیان. نەیاران یان ڕەخنەگرانی پرۆسەی ئاشتی، لە بەرامبەردا، زیاتر جەخت لەسەر مەترسییە ئەگەرییەکانی بۆ سەر ئاسایش، پێکهاتەی سیاسی، هوویەتی نیشتمانی و هاوسەنگیی کۆمەڵایەتی دەکەنەوە. لە نێوان ئەم دوو دیدگایەدا، بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە ئایا دەکرێت سازوکارێک دروست بکرێت کە وەڵامی نیگەرانییەکانی لایەنە جیاوازەکان بباتەوە بەبێ ئەوەی وڵات بگەڕێنێتەوە بۆ خولی توندوتیژی.

ئەزموونی کۆڵۆمبیا وانەیەکی دیکەشی پێیە: ئاشتی کاتێک بەردەوام دەبێت کە خەڵک هەست بکن شتێکی بەرچاویان لێی بەدەست هێناوە. بەم پێیە، کۆتاییهاتنی جەنگ دەبێت لەگەڵ گۆڕانکاری لە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا هاوشان بێت؛ بە پێچەوانەوە، ڕێککەوتنی سیاسی ڕەنگە پشتیوانیی کۆمەڵایەتیی پێویست بەدەست نەهێنێت.

لە کۆتاییدا، وتارەکەی ئامارجی ئاشتی تەنیا بە ڕاگەیاندنی کۆتاییی جەنگ نازانێت، بەڵکو بە جۆرێک لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و جوگرافیی ئەژمار دەکات. لەسەر بنەمای ئەم تێڕوانینە، دەنگی ئەو کەسانەی سەختترین باجی ململانێیان داوە، دەبێت لە دیاریکردنی ئایندەی پرۆسەی ئاشتیدا بەرزتر بێت. بابەتەکە تەنیا ئەوە نییە کە کێ بە دەنگێکی بەرزتر قسە لەسەر ئاشتی یان جەنگ دەکات؛ بابەتی گرنگتر ئەوەیە کە لە حاڵەتی شکستی ئاشتیدا، کێ دەبێت دووبارە باجەکەی بداتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.
یاریدەدەری زیرەکی هەواڵ
هەواڵە تازە و گرنگەکان خێرا پێداچوونەوە بکە