سیستەمە ستالینییەکەی PKK بڕوای بە دانوستان نییە/ گفتوگۆکان هیچ هەنگاوێکی کرداریی بەدواوە نەبووە
پوختەی هەواڵ
«وەلید حاجی عەبدولقادر» سیاسەتمەداری سەربەخۆی کوردی سووریا لەبارەی داهاتووی گفتوگۆکان لەنێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی کورد (PYNK)؛ ڕایگەیاند: زاتی دانوستانەکان باشن بەڵام ئەو لایەنەی لە کوردستانی سووریا دەسەڵاتی بەدەستۆیە بەردەوام لە بەرژەوەندیی خۆی پێبەندی دانوستانەکان نەبووە و تەنانەت پێبەندی ئایدۆلۆژیای خۆشی نییە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەڵکی کوردستانی سووریا دەچەوسێنێتەوە.
ناوبراو درێژەی دا: ئەو لایەنە دانوستانەکان وەکوو تاکتیکێک لە بەرژەوەندی خۆیاندا دەقۆزنەوە نەک بۆ چارەسەری پرسی کورد لە سووریا. پەکەکە پاش سەرهەڵدان لە تورکیا و هاتنیان بۆ کوردستانی سووریا لە 1981دا خۆیان خستە داوێنی بەعس و بەڵێنی هاوکارییان بە حکوومەتی سووریا دا.
حاجی عەبدولقادر درێژەی دا: لە ساڵەکانی 2011 و 2012دا بەشار ئەسەد داوای لە کوردەکان کرد بچنە دیمەشق بەڵام حزبە کوردیەکان قبووڵیان نەکرد و ڕایانگەراند پرسی سووریا بە دیموکراسی چارەسەر دەکرێت و مافی کورد بەسراوە بە دیموکراسی لە سووریا.
ئەم سیاسەتوانە وەبیری هێنایەوە: پاش ئەم پرسە ئێمە دەزانین پەکەکە و حکوومەتی ناوەندیی سووریا بە چ شێوەیێک و لە چ شوێنێک لەگەڵ یەکتر دانوووستان دەکەن و هێزی پەکەکە لە چیاکانەوە و لە قەندیلەوە خۆیان گەیاندۆتە کوردستانی سووریا. بەپێی ڕێککەوتنەکەیان حکوومەتی ناوەندی بنکەکانی خۆی لە دیرک-ەوە تا ناوچەکانی دیکە چۆڵ کرد و هێزی پەکەکە لەژێر ناوی پەیەدە کونترۆڵی شارەکانیان بەدەستەوە گرت.
وەلید حاجی عەبدولقادر وتیشی لە دانوستانەکانی هەولێری یەک و دوو و ڕێککەوتنی دهۆک-دا دیتمان کە پێبەندی ڕێککەوتن نەبوون و چەند ڕەوتێکی نێو پەیەدە ڕێگای توندڕەوییان گرتەپێش.
ئەم سیاسەتوانە کوردەی سووریا زیادی کرد: ئەمان بڕوایان بە سیستەمی ستالینی هەیە و کەسی یەکەمی خۆیان وەکوو پێغەمبەرێک دەپەرەستن و بڕوایان بە هاوبەشیی سیاسی و ڕەوتەکانی دیکە لەوان لیبراڵی نییەبۆیە بە ئایدۆڵۆژیا و گرووپە گوشارەکانی خۆیان لەوان (گەنجانی شۆڕشگێڕ، بنەماڵەی شەهیدان، کۆنگرەی ژنانی ستار و ...) وەکوو سەدەمی ستالین تەنها گوشار لەسەر کۆمەڵگا دروست دەکەن.
وەلید حاجی عەبدولقادر لەبارەی ڕاستیی گفتوگۆکانەوە وتی: ئەوەی کە دەڵێن قۆناخی یەکەم و دووهەم کۆتایی هاتووە ڕاست نییە. ئەمانە تەنها ڕاگەیاندنی گشتین و هیچ هەنگاوێکی کرداری هەڵنەگیردراوە و ئەم وتانە تەنها وەکوو ئازارشکێنێکی کاتین بۆ کۆمەڵگای کوردی لە سووریا.
ناوبراو زیادی کرد: ئەمان دەیانەوێت تەنها خۆیان دەسەڵاتدار بن و ئەم ئایدۆڵۆژیەیان هەڵبژاردووە و فەرهەنگی تاک پەرەستی بڵاو دەکەنەوە. من ڕێز لە جەنابی ئۆجەلان دەگرم کە ساڵانێکە زیندانی کراوە و اوای ئازادیی ناوبراو دەکەم بەڵام پەکەکە و پەیەدە دەست لە شەخس پەرەستی هەڵناگرن و خەڵکی کوردستانی سووریاش ناچار بەم کارە دەکەن.
ئەم سیاسەتوانە کوردە سەربەخۆیە ئاشکرای دەکات: گفتوگۆکان خۆویستانە نەبوو و لە سەر گوشاری ئەمەریکا دەستی پێکرد و پەیەدە بڕوای پێنییە چوونکە دەیهەوێت خۆی دەسەڵاتداری کوردستانی سووریا بێت و نموونەی تاریخیی ئەمەش زۆرە.
ناوبراو وەبیری هێنایەو: ئەمان دەڵێن شۆڕشیان لە کوردستانی سووریا کردووە و ئەمەش دوورە لە ڕاستی تەنها بە زۆرەملێ دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت. بەبۆنەی سیاسەتی هەڵەی ئەمانەشەوە بوو کە عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی لەلایەن تورکیاوە داگیر کرا و ئێستاش تورکیا پەلکێشی ناوچەکانی دیکە دەکەن.
وەلید حاجی عەبدولقادر ڕاشیگەیاند: من گەشبین نیم بە دانوستانەکان چوونکە لایەنی بەرمبەر باش دەناسم. پەکەکە ناهێڵێت پێشمەرگەی ڕۆژ بگەڕێتەوە کوردستانی سووریا. پەکەکە لە ئایدۆلۆژیی خۆی دەست هەڵناگرێت و بۆ پاراستنی ئایدۆلۆژیەکەی خۆی دوور ناگرێت لەهەر چەشنە شەڕ و پێکدادانێک و کوشتنێک.
ناوبراو جەختی کردەوە: پەکەکە و پەیەدە ئەگەر ڕاست دەڵێن کە بڕوایان بە دانوستانە بۆ نیشاندانی نیەت پاکیی خۆیان چارەنووسی زیندانییەکان و ئەوانەی ناداریان کردوون بۆ خەڵک ڕوون بکەنەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران