شوێنی بانەری ڕیکلام (728x90)
گفتگو نووسەر: کوردپرێس 2020-07-07 17:32 کاتی خوێندنەوە: 3 خولەک بینین: 0 (0)
قەبارەی دەق:
تێلێگرام واتساپ

ئەمریکا ڕازییە بە یەکگرتنی کورد/ یەکگرتن بە واتای دوژمنایەتی کردن لەگەڵ تورکیا نیە

پوختەی هەواڵ
بەشی سووریا- سەرۆکی شەپێلا پێشارۆژا کوردستانی سووریە (ŞPKS) لە لێدوانێکدا بە کوردپرێسی وتووە ئەمریکا دەست لە کوردی سووریا بەرنادات و خاوەنی بەرژەوەندیی هاوبەشە لەگەڵ کورد چوونکە لە داهاتوودا سووریا دەورێکی کاریگەر دەگێڕێت هەر بۆیەش دۆستی کوردە.

کوردپرێس:

ڕێزان شێخمووس سەرۆکی شەپێلا پێشارۆژا کوردستانی سووریە (ŞPKS) لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی وتووە گفتوگۆی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) و پارتی یەکێتیی سووریای دیموکرات (PYD) بە بەشداریی حیزبە کوردییەکانی تری سەر بەو لایەنە پێش چەند مانگ بە نێوەندگیریی ئەمریکا و فەڕەنسا دەستی پێکردووە و ئێمەش بە هەنگاوێکی ئیجابی و زەرووری دەزانین بۆ ئایندەی کوردی سووریا.

سەرۆکی شەپێلا پێشارۆژا کوردستانی سووریە (ŞPKS) دانوستانەکان زۆر بۆ کورد گرینگە و هەموو لایەنە کوردییەکان پشتگیریی ئەو دیالۆگە دەکەن. دانووستانەکەش دەرفەتێکە بۆ کوردی سووریا بۆ ئەوەی یەک بگرن و ڕێبازێکی مافخوازانە بۆ کوردی سووریا بخەنە گەڕ.

ڕێزان شێخمووس ئاشکراشی کرد: هەر وەک لە نەوەدەکاندا دانوستانی کوردی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەنجام ئەم دانووستانەش سەرکەوتوو دەبێت.

ناوبراو زیادیشی کرد: هەر دوو لا لە سەر هەندێک خاڵی سەرەتایی ڕێککەوتوون و کۆکن لە سەر ئەوەی درێژە بە دانوستانەکان بدەن و بڕیارێکی هاوبەش بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکای موعارەزە لە سووریا بدەن.

سەرۆکی شەپێلا پێشارۆژا کوردستانی سووریە (ŞPKS) لەبارەی قۆناغی دووهەمی گفتوگۆکانی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە بە کوردپرێسی وت: گەڕی دووهەمی دانوستانەکان زۆر گرینگترە لەبەر ئەوەی هەندێک تەوەری گرینگتر وەکوو ئیدارەی کوردستانی سووریا و هێزی سەربازی و ئیدارەی ئابووری باس دەکرێن.

ناوبراو زیادی کرد: ئێمە وەکوو ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لەو قەناعەتەداین کە ئەگەر بڕیار بێت یەکگرتنێک دەست بدات پێویستە لە سەر هەموو شتێک ڕێکبکەوین لەبەر ئەوەی هاووڵاتییانی سووریا زۆر هیوایان بەم دیالۆگەیە.

ڕێزان شێخمووس جەختیشی کردەوە ئەو یەکگرتنەی کورد لە هەلومەرجێکدا کە تورکیا بەردەوام هەڕەشە لە کوردستانی سووریا دەکات زەروورەتێکی حاشاهەڵنەگرە و کورد نابێت ڕووداوەکانی سەرێکانی و گرێسپی و عەفرین لەیاد بکات. ئێستا مەترسییێکی گەورە هەڕەشە لە کوردستانی سووریا دەکات و پەرتەوازەیی و لێکترازان خەساری قورس لە بوونی کورد دەدات و ئەو خەسارانەش قەرەبوو ناکرێنەوە.

سەرۆکی شەپێلا پێشارۆژا کوردستانی سووریە (ŞPKS) لەبارەی کارتێکەریی یەکگرتننی کورد لە سەر دیکەی لایەنەکانی ئوپۆزسیۆنی سووریا بە کوردپرێسی وت: یەکبوونی کورد شوێندانەر دەبێت لە سەر لایەنەکانی دیکەش هەر وەک یەکگرتنی کورد لە عێراق کە لە دانووستان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند و لایەنە عێراقییەکان ڕووی دا. یەکێتیی کوردی-کوردیی نێوان حیزب و لایەنە کوردییەکانی سووریاش دەتوانێت دەور و پێگەی شوێندانەری کوردەکان لە گۆڕەپانی سیاسیی سووریا بەهێز بکات.

ناوبراو گوتیشی: ئێمە وەک بەشێک لە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا بڕوامان وایە ڕێککەوتنی سیاسی لە سەر بنەمای ڕێککەوتنەکەی 2014ی دهۆک دەستپێکێک دەبێت بۆ هاوکاری و کاری هاوبەشی نێوان لایەنە کوردییەکان بۆ ئایندەی سووریا.

ڕێزان شێخمووس ئاماژەی بە پشتگیریی فەڕەنسا و ئەمریکا لە یەکگرتنی کورد کرد و گوتیشی: ئەمڕۆکە وڵاتانی ڕۆژئاوایی پشتگیریی یەکگرتنی کورد دەکەن و پێویستە کوردیش ئەم هەلە بە دەرفەت بزانێت و سوودی لێوەربگرێت.

سەرۆکی شەپێلا پێشارۆژا کوردستانی سووریە (ŞPKS) لەبارەی دژایەتیی تورکیا لەگەڵ پڕۆسەی یەکگرتنی کوردەکانی تورکیا گوتی: لەم بارەوە وڵاتانی ڕۆژئاوایی دەوری گرینگ دەبینن چوونکە دەتوانن لەگەڵ ئوپۆزسیۆنیش و لەگەڵ تورکیاش لەبارەی مافی کوردەکانەوە قسە بکەن.

ناوبراو جەختیشی کردەوە کە ڕێککەوتنی کورد لە دژی لایەنێکی تایبەتە و نە بۆ دوژمنایەتی کردن لەگەڵ تورکیایە.

سەرکی شەپێلا پێشارۆژا کوردستانی سووریە (ŞPKS) ئاماژەی بە دانیشتنی تازەی ئەستانەش کرد و ڕایگەیاند یەک لە تەوەرەکانی بەیاننامەی ئەستانە دژایەتی کردن لەگەڵ مافی کوردی سووریا و یەکێتیی نێوانیان بوو کە هەر ئەم بابەتە وا دەخوازێت لایەنە کوردییەکان بە هێز و توانای زیاترەوە لە سەر یەکگرتنیان ڕێک بکەون.

ڕێزان شێخمووس لە بارەی دەوری ئەمریکا لە دانووستانە کوردییەکانیش بە کوردپرێسی گوت: بە قەناعەتی من ئەمریکا دەست لە کورد بەرنادات لە بەر ئەوەی خاوەنی بەرژەوەندیی هاوبەشە لەگەڵ کورد و هەروەهاش کوردەکان لە ئایندەی سووریا دەورێکی گرینگ دەبینن هەر بۆیەش ئەمریکا دۆستی کوردە.

ناوبراو لە کۆتاییدا ئەوەشی زیاد کرد کە پێویستە لە سەر کورد هەلومەرجێک بڕەخسێنێت کە ئاوارەکانیش و لەشکری ڕۆژیش بۆ پاراستنی خاکەکەیان بگەڕێنەوە کوردستانی سووریا.

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆچوونی بەکارهێنەران

0 بۆچوون
خاڵ:
(0)
بۆچوونە نێردراوەکان دوای پەسەندکردنی چاودێران بڵاو دەکرێنەوە.
یاریدەدەری زیرەکی هەواڵ
هەواڵە تازە و گرنگەکان خێرا پێداچوونەوە بکە