گفتوگۆکانی ئەستانە درێژەی سیاسەتی دژایەتی کردنی مافی کوردەکانە
پوختەی هەواڵ
«تارق خیرەکی» جێگری سەرۆکی حزبی شەپێلا ئازادیی کوردستانی سووریا (ŞAK) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی بە دانووستانی نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریا دا و وتی: ئێمە وەکوو ڕەوتی ئازادیی کوردستانی لە سووریا بۆ دەستەبەربوونی بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد پشتیوانی لە دانووستانی کوردی-کوردی لە کوردستانی سووریا دەکەین.
ناوبراو زیادی کرد ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەروبەندی گۆڕانکاریی ڕیشەیی دایە و کوردەکانیش بەشێکن لەم گۆڕانکارییانە و دەبێت خۆیان ئامادە بکەن و لە گۆڕانکارییەکان دوا نەکەون.
جێگری سەرۆکی ŞAK درێژەی دا پێویستە لایەنە کوردییەکان لەسەر بەرژەوەندی و پڕۆژەی هاوبەش بۆ کوردستانی سووریا یەکبگرن و یاریدەری گۆڕانکارییەکان بن.
جێگری سەرۆکی حزبی شەپێلا ئازادیی کوردستانی سووریا لەبارەی دامەزراندنی کیانی کوردی لە باکووری سووریا ڕایگەیاند: کورد لە دێرینەترین نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن و دامەزراندنی ئۆتۆنۆمیێکی کوردی لە چوارچێوەی سووریایێکی یەکپارچەدا بابەتێکی مومکین و مافێکی ڕەوای کوردەکانی سووریایە.
تارق خیرەکی لەبارەی ڕاگەیێندراوی چواردە مادەیی شەشەمین دانیشتنی ئەستانە لەنێوان سەرۆک کۆمارانی ڕووسیا، تورکیا و ئێران کە بەشێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەڕێوە چوو و لەو دانیشتنەدا "خۆبەڕێوەبەریی نامەشرووع" بۆ دەسەڵاتی کوردەکانی سووریا بەکار هێندرابوو وتی: لەمێژەوە حکوومەتەکانی ناوچەکە دژی مافی کورد وەستاونەتەوە و ئەم کۆبوونەوەش درێژەی هەمان سیاسەت بوو.
ناوبراو جەختی کردەوە: سیاسەتی ئەوان هەمبەر پرسی کورد ڕوون و ئاشکرایە واتا ئەوان بڕوایان بە مافی کورد نییە.
تارق خیرەکی ئاشکراشی کرد: گفتوگۆکانی ئەستانە درێژەی کۆبوونەوەکانی پێشووە و دژایەتی کردن لەگەڵ مافی فیدراڵیی کوردەکانی سووریایە چوونکە ئەوان ئەم مافە بۆ کورد ڕەوا نابینن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
بۆچوونی بەکارهێنەران